پێکانی یاریزانان پارە بەسەر بارسادا دەبارێنێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بڕی 10 ملیۆن یۆرۆی داوەتە یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی پێکرانی یاریزانانی ئەو یانەیە لە کاتی یارییە نێودەوڵەتییەکان.
 
ئەو پارەیەی فیفا داویەتی بە بارسێلۆنا لە نێویدا بڕی 2 ملیۆن و 650 هەزار یۆرۆی بەرامبەر پێکرانی رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکەری یانەکەیە لە ناوەڕاستی هاوینی ئەمساڵەوە.
 
ئاراوخۆ لە یاریی نێوان ئۆرۆگوای و بەرازیل لە کۆپا ئەمێریکا دووچاری پێکانبوو و سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەو یاریزانە دەستیکردەوە بەمەشقکردن لەگەڵ یانەکەی.
 
بەپێی یاساکانی فیفا، ئەو رێکخراوە ناچارە پارە بداتە هەر یانەیەک کە یاریزانەکانی لە کاتی یارییکردن بۆ هەڵبژاردەکانیان دووچاری پێکان دەبن بۆ ماوەی زیاتر لە 28 رۆژ بەسەریەکەوە و تاوەکو ماوەی ساڵێک.
 
بڕی پارەی پێدراو بە یانەکان، پەیوەندی بەمووچەی یاریزانەکەوە لەگەڵ یانەکەی هەیە.
 
ئاراوخۆ بۆ ماوەی 129 رۆژ لە یاریکردن بۆ بارسێلۆنا دابڕا، هەروەکئەوەی هەردوو یاریزانی دیکەی یانەکە، پێدری و گابی بەهەمان شێوە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دووچاری پێکانبوون.
 
لە کۆی گشتیدا فیفا بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ قەرەبووی داوەتە ئەو یانە کەتەلۆنییەکە و ئەوەش وەک میدیای ئیسپانیا دەڵێن، کاریگەریی زۆری دەبێت بۆ تۆمارکردنی دانی ئۆڵمۆ لە لیستی یانەی بارسێلۆنا، کە تاوەکو ئێستا تۆمار نەکراوە بەهۆی بنمیچی مووچەی یاریزانان لە لالیگا.
 
پێشتر، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دووپاتیکردبووەوە یانەکەی هەموو کارێک دەکات و رێگەنادات ئەو یاریزانەی هاوینی رابردوو لە لایپزیگی ئەڵمانییەوە بە 51 ملیۆن پاوەند رووی لە یانە کەتەلۆنییەکە کرد، لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بەهۆی تۆمارنەکردنییەوە، بێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە