یاسایەکی نوێی پرێمەرلیگ گەورەترین زەرەر لە چێڵسی دەدات

12-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یاسایەکی نوێ لە پرێمەرلیگ پەسەندکرا و چێڵسی زەرەرمەندی یەکەمی یاساکەیە.
 
خاوەن پشکەکانی پرێمەرلیگ کۆبوونەوە و رکابەرەکانی یانەی چێڵسی دەنگیان لەسەر یاسایەکی نوێدا کە رێگری لە یانەکان دەکات بڕە پارەی گرێبەستی یاریزانان بەسەر پێنج ساڵ زیاتر دابەشبکەن.
 
یانەی چێڵسی لە ژێر خاوەندارێتی تۆد بۆیلی بڕی ملیارێك پاوەندی خەرجکردووە لە گرێبەستی یاریزانان، سەرەڕای خەرجکردنی ئەو بڕە پارە خەیاڵییە، بۆیلی توانیبووی خۆی لە شکاندنی یاساکانی یاری خاوێن بپارێزێت بەوەی گرێبەستی یاریزانەکان بۆ ماوەیەکی درێژ ئەنجامبدات، بۆ نموونە لە هاوینی ئەمساڵدا یانەکە گرانترین گرێبەستی مێژووی پرێمەرلیگی ئەنجامدا کاتێك بە بڕی 115 ملیۆن پاوەند مۆیسێس کایسێدۆی گواستەوە یانەکە، دواتریش هەریەکە لە کۆڵ پاڵمەر، نیکۆلاس جاکسن و رۆمیۆ لاڤیای گواستەوە و بڕی 132.5 ملیۆن پاوەندی لە گرێبەستی ئەو سێ یاریزانەدا خەرجکرد، سەرەڕای ئەوەش چێڵسی هیچ یاسایەکی یاری خاوێنی نەشکاند چونکە گرێبەستی ئەو یاریزانانە تاوەکو ساڵانی 2030 بۆ 2031ـە و بەم شێوەیەش پارەی گرێبەستەکە بەسەر هەشت بۆ نۆ ساڵدا دابەشدەبێت و لە رووی داراییەوە کێشە بۆ یانەکە درووستنابێت. 
 
لە گرێبەستەکەی کایسێدۆدا، چێڵسی پارەی گرێبەستەکە بەسەر هەشت ساڵدا دابەش دەکات و بەمشێوەیەش بۆ هەر ساڵێك بڕی 14.4 ملیۆن پاوەند بە یاریزانەکە دەدات، بەڵام رکابەرەکانی چێڵسی لە پرێمەرلیگ نایەنەوێت چیدیکە رێگە بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە گرێبەستانە بدرێت. 
 
یۆفا لە هاوینی ئەم ساڵدا بڕیاریدا چیدیکە رێگە بەم جۆرە گرێبەستانە نەدات و بەم شێوەیەش یانەکان نابێت پارەی هیچ گرێبەستێك بەسەر زیاتر لە پێنج ساڵدا دابەشبکەن، بەڵام لە پرێمەرلیگدا یانەکان تاوەکو پێش کۆبوونەوەکی ئەمڕۆ دەیانتوانی ماوەی گرێبەستەکان بەدڵی خۆیان دیاری بکەن بۆ ئەوەی یاساکانی یاری خاوێن نەشکێنن، کە ئەمەش ئەو ستراتیژییەیە کە چێڵسی بەکاری دەهێنا.
 
بەپێی هەواڵەکان، بەشێك لە یانەکانی پرێمەرلیگ جگە لەوەی دەنگیان لەسەر پەسەندکردنی یاساکەدا، دەیانویست یاساکە تەنانەت بەسەر گرێبەستەکانی رابردووشدا بسەپێنرێت، کە ئەگەر ئەوە روویدابووایە یانەی چێڵسی کارەساتێکی گەورە و مێژوویی بەسەردا دەهات بەتایبەتی کە یانەکە لەم هاوینەدا بڕی 400 ملیۆن پاوەندی لە گرێبەستی یاریزانان خەرجکردووە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم پێشنیارە رەتکرایەوە و بڕیاردا یاساکە تەنیا بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو پەیڕەوبکرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە