رووداو دیجیتاڵ
یامالێکی نوێ لە بارسێلۆنا دەرکەوت، تەمەنی تەنیا 16 ساڵانە و هانزی فلیکی راهێنەری تووشی شۆک کردووە.
ئیبراهیما تونکارا، یاریزانی لاوی هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانی، کە بەڕەچەڵەک گامبییە، بەردەوامە لە درەوشانەوە لە کەمپی ئامادەکاریی یانەی بارسێلۆنا بۆ وەرزی نوێ.
تونکارا سەرەڕای ئەوەی تەمەنی تەنیا 16 ساڵە، بەڵام بووەتە تاقە یاریزانی لەدایکبووی ساڵی 2010 کە لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک مەشق بکات، ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە کە رەنگە وەک سوپڕایزێک لە تیپی یەکەمدا بمێنێتەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، فلیک هیچ دوودڵ نەبووە لە بانگهێشتکردنی تونکارا بۆ نێو گرووپی یاریزانە لاوەکانی تیپی یەکەم. ئەم گەوهەرە نوێیەی لاماسیا بە هێزە جەستەییە سەرنجڕاکێشەکەی و کارامەیی تەکنیکییەکەی، هەمووانی سەرسام کردووە، تەنانەت ئەستێرە گەورەکانی تیپی یەکەمی بارسا تووشی شۆک بوون کاتێک ئاستی ئەم یاریزانەیان لە مەشقەکاندا بینیوە.
تەنیا 3 خولەکی بەس بوو
تونکارا یەکەم یاریی دۆستانەی بارسێلۆنای قۆستەوە بۆ ئەوەی جێدەستی خۆی دیاری بکات.کە بارسا لە یاریی بەرامبەر یانەی سی ئۆ ئەورووپا بەئەنجامی 4-1 سەرکەوت و تونکارا توانی گۆڵی سێیەم تۆمار بکات.
سەرنجڕاکێش لەو گۆڵەدا ئەوە بوو، تەنیا سێ خولەک دوای هاتنە ناوەوەی بۆ نێو یاریگا، توانی بەشێوازێکی هونەریی بەرز و سەرەڕای چاودێرییەکی تووندی بەرگریی، تۆپەکە بهەژێنێت. ئەمەش وایکرد هانزی فلیک متمانەی زیاتری پێ بکات و وەک پڕۆژەی ئەستێرەیەکی گەورە سەیری بکات.
مانەوە لە تیپی یەکەم؛ ئەگەرێکی بەهێزە
هەرچەندە بڕیار وابوو تونکارا ئەم وەرزە لە تیپی دووەم یاری بکات، بەڵام ئاستە بەرزەکەی لە کەمپی ئامادەکاری هەموو ئەگەرەکانی گۆڕیوە. پێکانەکانی رۆناڵد ئاراوخۆ، ئەلیخاندرۆ باڵدێ و فێرمین لۆپێز و ئەگەری رۆیشتنی هەندێک یاریزان، دەرگای بۆ تونکارا کردووەتەوە تاوەکو لە تیپی یەکەمدا جێگەی خۆی بکاتەوە.
بارسێلۆنا ئێستا خۆی بۆ گەشتێکی ئامادەکاری لە ئینگلتەرا ساز دەکات، فلیک پلان دادەنێت چاودێرییەکی وردی تونکارا بکات. سەرەڕای ئەوەی هێشتا پێویستی بە فێربوونی زیاترە بەهۆی تەمەنە بچووکەکەیەوە، بەڵام تواناکانی وای لێدەکەن ببێتە ترندی داهاتووی رۆژنامە وەرزشییەکان.
لاماسیا؛ کارگەی بەردەوامی بەرهەمهێنانی گەوهەرەکان
تونکارا بە بچووکترین یاریزانی گرووپی ئێستای بارسێلۆنا دادەنرێت، بەڵام جەستە بەهێزەکەی وایکردووە لە زۆر لە یاریزانە گەورەکان باڵادەستتر بێت. هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە بارسێلۆنا لەبەردەم لەدایکبوونی ئەستێرەیەکی نوێدایە لە کارگەی لاماسیا، کە لەوانەیە هاوشێوەی لامینی یامال، جیهانی تۆپی پێ سەرسام بکات.




