گەیشتە کۆتایی.. ریال مەدرید دوایین هەل دەداتە ئێمباپێ

12-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا داهاتووی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان لەگەڵ ئەو یانەیە دیار نییە، لە فەرەنسا و ئیسپانیا قسەی زۆر لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانەوە هەیە، بەتایبەت کە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە.
 
ئێمباپێ لە هاوینی 2022ـەوە ناوی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بەستراوەتەوە، یانە مەدریدییەکە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکە دەدات، بەڵام هێشتا سەرکەوتوو نەبووە و هەمووان چاوەڕێن لە هاوینی 2024 یاریزانەکە بێبەرامبەر رووبکاتە ئەو یانەیە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید هەنگاوە گرنگەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی تایبەت بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەستپێدەکات و بە نزیکەکانی ئێمباپێی راگەیاندووە، ریال مەدرید دەیەوێت 4-1-2024 فەرمی داوای یاریزانەکە بکات، چ رازی ببێت یان نا.
 
بەرنامەی ئێلچێرینگیتۆی ئیسپانی دەڵێت "کیلیان ئێمباپێ و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کە دایکیەتی نایانەوێت پەلە لە رێککەوتن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بکەن، هەرچەند کە تاوەکو ئێستا یاریزانەکە بۆچوونی خۆی بۆ بەجێهێشتنی یانەی پاریس سانجێرمان نەگۆڕیووە، لەکاتێکدا هاوینی ساڵی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە کۆتاییدێت.'
 
پێشتر یانەی پاریس سانجێرمان بەنیازبوو بەبیانووی ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ ئێمباپێ کردووە، سکاڵا لە دژی ریال مەدرید تۆماربکات، بەڵام یانەی شاهانە رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ یاریزانەکە هەبووبێت.
 
ریال مەدرید بەنیاز نییە لاپەرەی سپی بخاتە بەردەم ئێمباپێ، بەڵکو بە پارە گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە دەکات و نایەوێت مەترسی بکەوێتە سەر داهاتووی یانەکە لە رووی ئابوورییەوە.
 
نزیکەکانی ئێمباپێ ئەوە دەزانن کە پارە لە گرێبەستی یاریزانەکەدا لەگەڵ ریال مەدرید نابێتە کێشە، چونکە یاریزانەکە لەوە تێدەگات کە یانەی شاهانە مووچەیەکی گەورە دەداتە ئەو ئەستێرە فەرەنسییە.
 
لەگەڵ ئەوەی وادەی کۆتاییهاتنی گرێبەستی کیلیان لەگەڵ پاریس سانجێرمان رۆژ لە دوای رۆژ نزیکتر دەبێتەوە و یاریزانەکە زیاتر لە ریال مەدرید نزیکدەبێتەوە، بەڵام یانە فەرەنسییەکە هێشتا دەستبەرداری بیرۆکەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەبووە، کارگێڕیی یانە فەرەنسییەکە دەیەوێت پەنا بباتە بەر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بۆ ئەوەی کیلیان رازیببێت ماوەیەکی زیاتر لە یانەکە بمێنێتەوە."
 
ئەوەی دەکرێت داهاتووی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە یەکلابکاتەوە، یاریی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگە، کاتێک پاریس سانجێرمان بەرامبەر دۆرتموند یاریی دەکات و پێویستیی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی 16، دۆڕان لە یارییەکەدا هەم پاریس سانجێرمان دەباتە دەرەوەی چامپیۆنزلیگ و هەمیش کیلیان ئێمباپێ نیگەران دەکات و دەکرێت ئەو یاریزانە زیاتر بیر لە بەجێهێشتنی یانەکەی بکاتەوە.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "ئەمە دوایین هەلە بۆ ئێمباپێ ئەگەر بیەوێت بچێتە ریال مەدرید، لەکاتێکدا یاریزانە ئازاد دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یانەکە و لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ یانەی شاهانە بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە