رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکدا بۆ سەر ناوەندێکی وەرزشی لە شاری ژووهای لە وڵاتی چین، 35 کەس گیانیان لەدەستدا و ئەگەر هەیە ژمارەکان زیاتر ببن.
هێرشەکە لە دەرەوەی ناوەندێکی وەرزشی روویداوە، کەسێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کێشاوە و بەهۆیەوە 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و 43ـی دیکە بریندار بوون، هێرشکەرەکە دوای ئەوەی هێرشەکەی ئەنجامدا، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بە چەقۆیەک لە ملی خۆی داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و کەوتووەتە کۆما و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری چڕدایە.
نازناوی هێرشکەرەکە، "فان"ە و بەپێی راپۆرتی پۆلیس، دوای ئەوەی لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، رازی نەبووە بە بڕیاری دادگا لەسەر شێوازی دابەشکردنی ماڵ و موڵکەکەیان بەسەر خۆی و هاوژینی پێشووی و پێشبینی دەکرێت ئەوە پاڵنەری ئەنجامدانی ئەم کارە بووبێت.
ناوەندە وەرزشییەکە دەکەوێتە باشووری شاری ژووهای لە پارێزگای گواندۆنگ لە وڵاتی چین، لە شوێنی رووداوەکە، لاشەی کوژراوەکان لە زەوی کەوتبوون وەک لەو ڤیدیۆیانەدا دیاربوون کە لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ