مەرجەکانی هانزی فلیک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا

12-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک لالیگا لامین یامال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە پێشانداوە، بەڵام بەپێی هەندێک مەرج کە دەیەوێت بەسەر یانەکەیدا بسەپێنێت.
 
گرێبەستی فلیک لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا کۆتایی دێت، ئەو راهێنەرە مەرجی هەیە بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ بارسا.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، "وێڕای ویستی فلیک بۆ نوێکردنەوە، بەڵام نایەوێت کاخەزی سپی بۆ یانەکە واژۆ بکات، هەربۆیە دەیەوێت دەستەبەری ژمارەیەک مەرجی خۆی بکات".
 
میدیاکان دەڵێن، مەرجەکانی فلیک، لۆژیکین و ئاماژەن بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و پڕۆفیشناڵانەی ئەو راهێنەرە.
 
بەپێی سەرچاوە ئیسپانییەکان، مەرجی یەکەمی فلیک بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ یانەکە، هێشتنەوەی یاریزانە لاوەکانە. فلیک دەستنیشانیکردووە کە یانەکە نابێ بەهیچ شێوەیەک و لە ژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری هەریەکە لە گابی، پێدری، پاو کوبارسی، باڵدێ و رۆناڵد ئاراوخۆ ببێت.
 
هەروەها فلیک مەرجی داناوە کە لامین یامال، لەگەڵ گەیشتنی بەتەمەنی 18 ساڵی، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێبکرێتەوە و مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی زۆر قورس بێت.
 
سەرچاوەکان هەروەها دەڵێن، "فلیک دەیەوێت هەریەکە لە ئێریک گارسیا و فرێنکی دی یۆنگ لە یانەکە بەردەوام بن، لە کاتێکدا ئەو دوو یاریزانە گرێبەستەکانیان لە 2026 کۆتایی دێت".
 
دی یۆنگ و گارسیا لە بژاردە سەرەکییەکانی فلیک نەبوون لەسەرەتای وەرزدا، بەڵام لەگەڵ پێشوەچوونی وەرزەکەدا، هەردووکیان بوونەتە دوو پێکهێنەری سەرەکیی ئێستای پێکهاتەی بارسێلۆنا.
 
سەرچاوەکان هەروەها دووپاتیدەکەنەوە کە، فلیک ئامۆژگاریی کارگیڕیی یانەکەی کردووە گرێبەستی هەریەکە لە ژوول کوندێ و رافینیا نوێبکاتەوە و بیانپارێزێت، ئەگەرچی ئەو دوو یاریزانە لە 2027 گرێبەستەکانیان تەواو دەبێت، بەڵام یانەکە دەیەوێ لەسەر داوای فلیک، تاوەکو 2030 و 2029 گرێبەستی هەردوو یاریزان نوێبکاتەوە.
 
فلیک، دڵخۆشە بەمامەڵەی لەگەڵ ئەو تیمەی کارگێڕیی تیپەکە بەڕێوەدەبەن و پێکهاتوون لە دیکۆ و بۆیان کریکیچ و پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەردووکیاندا هەیە و دەیەوێت لەگەڵیان بەردەوام بێت.
 
وەکئەوەی سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ کردووە، فلیک دوورتر و فراوانتر بیر لە داهاتوو دەکاتەوە و بۆ ئەوەش داوایکردووە، یانەکە باڵەخانەیەکی تایبەت بۆ یاریزانەکان دروست بکات، تاوەکو پێکەوە تێیدا بژین لەبری ئەوەی روو لە هوتێل بکەن، بەتایبەت کە یانەکە شوێنێکی تایبەتی نییە بۆ پشووی یاریزانان لە پاش مەشقەکان".
 
هەروەها هەمان ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، "فلیک دەیەوێت بنەمای یەک خێزانیی لە نێو ژووری جلگۆڕیندا پتەوتر بکات، پێیوایە پێویستە رووبەڕێکی فراوان هەبێت بۆ هەموو یاریزانان، تاوەکو وا هەست بکەن لەنێو ماڵی خۆیاندان".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە