بارسا دەیەوێت بە دەروونێکی ئارامەوە بچێتە ئەڵمانیا

12-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسیلۆنا یانەی لێگانێس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی خولی ئیسپانیا نزیکببێتەوە، کاتێک ئەمشەو بەرامبەر یانەی لیگانێس یاری دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 31ـی لالیگادا، یانەی بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی لێگانێس و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
بارسا بە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەکە لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی بردەوە.
 
بارسێلۆنا لە یاریی چووندا، لەنێو یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە لێگانێس دۆڕا و ئەمشەو ئەرکی قورسە، بۆیە یانەکە دەیەوێت هەم تۆڵەی ئەو دۆڕانە بکاتەوە، هەم پارێزگاری لە جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی رکابەری بکات و هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی لالیگا نزیکببێتەوە.
 
لیگانێس بەر لەم یارییە چوار یاریی رابردووی بەبێ بردنەوە تێپەڕاندووە و دەیەوێت بەرامبەر بارسێلۆنا رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە بکات، بۆ ئەوەی لە پلەکانی کۆتایی دووربکەوێتەوە، بەتایبەت کە یانەکە هەژدەیەمە و هەڕەشەی دابەزینی لەسەرە.
 
ئەم یارییە بۆ بارسا زۆر گرنگە بە کەمترین کۆشش و کەمترین زیان لێیبباتەوە، لەبەرئەوەی رۆژی چوارشەممە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند هەیە و دەیەوێت بە دەروونێکی ئارام و ورەیەکی بەرزەوە بچێتە ئەڵمانیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە