دی ماریا خراپ لێی قەوما

12-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئانخێل دی ماریا گرەوکاری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە کە دوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا گومانیان لێدەکرێت دەستیان لە گرەوکردندا هەبێت، هەروەها ئانخێل دی ماریای ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یاریزانی پێشووی یانەی یوڤێنتوس یەکێکە لە تۆمەتباران.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە ساندرۆ تۆنالی و نیکۆلۆ فاجیۆلی یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ جارێکی دیکه له گرەوکردندا تێوەگلاون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە تۆنالی، یاریزانی یانەی نیوکاسڵ و فاجیۆلی هاونیشتیمانییەکەی کە یاری بۆ فیۆرێنتینا دەکات، لەنێو 12 یاریزانی ئێستا یان پێشووی خولی ئیتاڵیادان کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت بەشداری لە چالاکییە نایاساییەکانی گرەوکردندا بکەن.
 
لیاندرۆ پارێدێس، یاریزانی ئێستای یانەی رۆما و ئانخێل دی ماریای هاونیشتیمانی، کە لە وەرزی 2022-2023 لەگەڵ فاجیۆلی لە یانەی یوڤێنتوس یارییان کردووە، لەنێو ئەو یاریزانانەی دیکەدان کە لە لێکۆڵینەوەکانی داواکاریی گشتی میلاندا وەک گومانلێکراو ناویان هاتووە. 
 
هەروەها لێکۆڵینەوە لە یاریزانانی ئێستای یوڤێنتوس، هەریەک لە وێستۆن مەکێنی و ماتیا پێرینی گۆڵپارێز و لە یانەی ئاتالانتاش راول بێلانۆڤا و لە تۆرینۆش ساموێل ریچی دەکرێت بەهۆی ئەوەی گوایە یاری پۆکەریان کردووە و گرەویان لەسەر رووداوە وەرزشییەکان کردووە لەسەر پلاتفۆرمی گرەوکردنە قەدەخەکراوەکان، بەڵام لە یارییەکانی تۆپی پێدا نەبوون.
 
داواکاری گشتیی میلانۆ لەبڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، سزای دەستبەسەری ماڵەوەیان خستووەتە سەر پێنج کەس، کە لە ژێرزەمینی دوکانێکی زێڕینگەریی شارەکەیاندا  پلاتفۆرمێکیان داناوە و بەڕێوەیانبردووە و چالاکی قومارکردنی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارەیان کردووە.
 
هەروەها لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە لەو شوێنەدا دەستییان بەسەر یەک ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆدا گرتووە کە دەکاتە یەک ملیۆن و 700 هەزار دۆلار.
 

تۆنالی و فاجیۆلی پێشتر سزا دراون

لەنێو ئەو پێنچ کەسەدا یاریزانانی تۆپی پێ نەبوون، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستگیرکراون و پێدەچێت لەم دۆسێیە تاوانکارییەدا سزایەکی کەمیان پێبدرێت، کە پێدەچێت پێبژاردنی پارە بێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەوان لە سزای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا رزگاریان دەبێت، کە تاوەکو ئێستا راینەگەیاندووە ئایا رێوشوێنی یاسایی و تەمبێکردن دژی ئەوان دەستپێدەکات یان نا.
 
هەندێک سەرچاوەی هەواڵ بڵاویانکردەوە، داواکارانی گشتی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تۆنالی و فاجیۆلی پاداشتی داراییان وەرگرتووە لە بەرامبەر دامەزراندنی قومارچیانی دیکە بۆ پلاتفۆرمە ژێرزەمینییەکان.
 
تۆنالی لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ ماوەی 10 مانگ لە یاریکردن سڕکرا بەهۆی گرەوکردن لەسەر یارییەکانی تۆپی پێ، لەنێویاندا گرەوکردن لەسەر یارییەکانی یانەکەی پێشووی میلان، لەکاتێکدا هێشتا یاری بۆ یانەکەی دەکرد.
 
ئەم سڕکردنە وایکرد تۆناڵی نەتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەشداری لە یۆرۆی 2024 بکات، کە لە قۆناخی 16 لەلایەن هەڵبژاردەی سویسراوە دەرکرا.
 
سەبارەت بە فاجیۆلی، کە دانی بەوەدانا کە ئاڵوودەی قومار و گرەوکردنی وەرزشی بووە و ماوەیەکی کەم پێش سڕکردنی تۆنالی بۆ ماوەی حەوت مانگ سڕکرابوو، دۆخەکە خراپ دەردەکەوێت و بەپێی زانیارییەکان قەرزەکانی سێ ملیۆن یۆرۆی تێپەڕاندووە.
 
ئانخێل دی ماریا لە یەکەم کاردانەوەی بۆ ئەو هەواڵانە کە ئەویش یەکێکە لەو 12 ناوەی تۆماتبارکراون، رایگەیاند "بەرلەوەی گوێ لە هەواڵی رۆژنامەکان بگرن، روونی دەکەمەوە بۆ هەموو لایەک کە بەهیچ شێویەک بەشداریم لە هیچ گرەوێکی نایاساییدا نەکردووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە