رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای بەرپرس لە بازاڕکردن بۆ پاڵەوانێتیی 'سوپەرلیگ'، لە هەواڵێکی شۆکهێنەردا رایگەیاندووە، دانوستاندنی نهێنی لەلایەن یانەکانی پرێمەرلیگ لەئارادایە، بۆ سەرخستنی پڕۆژەی پاڵەوانێتییەکە.
سەرۆکەکە دەڵێ، لە دوای بڕیاری دادگای دادی ئەوروپییەوە کە رێگەی بەئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکەدا، دانوستاندنی نهێنی لەگەڵ یانەکانی پرێمەرلیگ دەستپێکردووە.
پێشتر شەش یانەی گەورەی ئینگلتەرا، کە بریتی بوون لە ئارسیناڵ، چێڵسی، لیڤەرپوول، مانچێستەر یونایتد، مانچێستەر سیتی و تۆتێنهام، لە نێو دامەزرێنەرانی پاڵەوانێتی سوپەرلیگدا بوون لە مانگی چواری 2021.
ئەو یانانە دواتر ناچاربوون لە پاڵەوانێتییەکە پاشەکشە بکەن، بەهۆی گوشاری جەماوەرەکانیان و هەڕەشەکردنی لایەن بەرپرسەکانی تۆپی پێی بەریتانیا و حکومەتی بەریتانیا.
بیرند رایچارد، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیا ئەی 22 کە بازاڕگەری بۆ سوپەرلیگ دەکات، بە میدیای بەریتانیی راگەیاندووە، گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ یانەکانی ئینگلتەرا لەبارەی پڕۆژەکەوە لەئارادایە و ئەوەش هەنگاوێکی لۆژیکی و سرووشتییە.
رایچارد دەڵێ، "هەمووان هەوڵدەدەن لەوە تێبگەن کە کاریگەرییەکانی بڕیارەکەی دادگا چییە، چونکە ئەوە هەنگاوێکی پیشەگەرانەی یانەکانە، هەروەها هەلێکی مەزنە، تێناگەم بۆچی هەمووان هەوڵنادەن بەچاوێکی بێلایەنانە تەماشای دۆسێیەکە بکەنو بڕیار بدەن کام بڕیارە بۆخۆیان و هاندەرەکانیان قازانجی زیاترە.
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەزانین هەموو یانەکانی ئەوروپا ئێستا بایەخ بەو هەڵوێستە دەدەن، لەلایەن خۆمانەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی پشتگیری و هاوکارییان بکەین".
سەرۆکە جێبەجێکارەکە هەروەها گوتویەتی، "ئێمە هەوڵی پەرتکردنی کۆمەڵگا نادەین، بەڵام باشتروایە بەبێ هیچ بڕیارێکی فەرمی، دانوستاندن لەگەڵ یانەکاندا بکەین، تاوەکو گوشار نەخرێتە سەریان و بتوانن دوور لە گوشار بڕیاری خۆیان لەبارەی پاڵەوانێتییەکەوە بدەن".
بیرند رایچارد، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیا ئەی 22 هەروەها دەڵێ، "زۆر تێگەیشتنی هەڵە هەن لە بەریتانیا کە دەبێ رووبەڕوویان ببینەوە و ئاڵنگارییان لەگەڵدا ئەنجام بدەین و هەڵوێستی روونی خۆشمان لەبارەیانەوە بخەینە روو".
ئەو دەڵێ، "لەسەرەتاوە نیازمان جیابوونەوە یان بانگهێشطکردنی یانەکان نەبوو بۆ دەرچوون لە پرێمەرلیگ، ئێستاش ئەو داوایە و ئەو بیرۆکەیەمان نییە".
پێشبینیدەکرێت، بابەتی 'سوپەرلیگ' جارێکی دیکە لەلایەن دادگای مەدریدەوە پێداچوونەوەی پێدابکرێت، پاشئەوەی دادگای دادی ئەوروپا بۆچوونی خۆی لەسەر دۆسێیەکە خستە روو و وایدانا رێگرتن لەو پاڵەوانێتییە، لەناوبردنی بابەتی رکابەریی ئازادە لە تۆپی پێدا.
تاوەکو ئێستا هەر سێ یانەی ریال مەدرید، یوڤێنتوس و بارسێلۆنا، تاکە سێ یانەی ئەوروپان لەسەرەتاوە لەگەڵ پڕۆژەی ئەنجامدانی سوپەرلیگ بوون و وێڕای گوشارە زۆرەکانی سەریان، بەفەرمی پاشەکشەیان لە پڕۆژەکە نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ