بارسێلۆنا گرێبەستێکی گەورە ئەنجامدەدات و چاڤی داوای گێڕانەوەی یاریزانێکی پێشوو دەکات

11-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا چاڤی هێرناندێز جۆشوا کیمیچ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا هەوڵەکانی بۆ هێنانی یاریزانێکی گەورە چڕکردووەتەوە، پاشئەوەی هاوینی رابردوو نەیتوانی بیباتە ریزەکانی، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکەش، داوایکردووە یەکێک لە یاریزانانی پێشووی یانەکە، رێگەی پێبدرێت جارێکی دیکە درێسی بارسێلۆنا بپۆشێتەوە.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' ئاشکرایکردووە، کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە، جارێکی دیکە باسوخواسیان لەبارەی هێنانەی جۆشوا کیمیچ، یاریزانی چەقی بایرن میونشن دەستپێکردووەتەوە، لە کاتێکدا هاوینی ئەمساڵ نەیانتوانی گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.
 
ئەگەرچی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، بارسا هەوڵیدا کیمیچ بۆ شوێنگرتنەوەی سێرجیۆ بۆسکێس بباتە ریزەکانی، بەڵام یانەکە سەرکەوتوو نەبوو لە ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە، چونکە بایرن میونشن ئامادەنەبوو دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.
 
میمیچ تاوەکو مانگی شەشی ساڵی 2025 گرێبەستی لەگەڵ بایرن میونشن هەیە، هەندێک سەرچاوە باس لە ئەگەری رۆیشتنی ئەو لە یانە باڤارییەکە دەکەن، بەهۆی بوونی ناکۆکی لەگەڵ تۆماس توخێل، راهێنەری یانەکە، لەبارەی شوێنی یارییکردنییەوە.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، نرخی کیمیچ بۆ بارسێلۆنا کەمێک گرانە، هەربۆیە کارگێڕیی یانەکە دەیانەوێت پلانێکی ئابووریی بۆ گونجانی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە بگرنە بەر، یان یاریزانەکە رازی بکەن پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات و داواکارییەکانی کەمبکاتەوە.
 
بارسا هاوینی رابردوو، بۆ شوێنگرتنەوەی بۆسکێس گرێبەستی لەگەڵ ئۆریۆل رۆمیۆ کرد.
 
هاوکات میدیای کەتەلۆنیا، باسیان لە ویستی راهێنەری بارسێلۆنا بۆ گێڕانەوەی تیاگۆ ئەلکانتارا بۆ یانەکە کردووە.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت' ئاشکرایکردووە بارسێلۆنا هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ یاریزانی ناوەڕاستی لیڤەرپوولدا بکات، کاتێک هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە تەواو دەبێت.
 
تیاگۆ کاتێکی باشی لەگەڵ لیڤەرپوول نییە و لە 24 یاریی رابردووی یانەکەدا هیچ بەشدارییەکی نەبووە.
 
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان باسیدەکەن، بارسا چاوی لەسەر ئەو یاریزانانەیە کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانیان کۆتایی دێت، تاوەکو بەخۆڕایی بیانباتە ریزەکانی خۆی.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، چاڤی هێرناندێز خۆی داوای لە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە کردووە گرێبەست لەگەڵ ئەلکانتارا بکەن لە هاوینی داهاتوودا.
 
تیاگۆ ئەمساڵ بەشداریی هیچ یارییەکی لیڤەرپوولی نەکردووە، پاشئەوەی لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا نەشتەرگەری لە ئەژنۆیدا ئەنجامدا.
 
تیاگۆ لە مانگی یەکی ساڵی داهاتووەوە، دەتوانێ دانوستاندن یان گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە خۆی بیەوێت.
 
تیاگۆ هاوینی 2020 لە بایرن میونشنەوە بەرامبەر 22 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە کرد و گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە، لە هاوینی داهاتوودا کۆتایی دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە