رووداو دیجیتاڵ
دوای دوورخستنەوەی هانزی فلیک لە مەشقدانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، باسوخواسی ناوی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە، بووەتە رۆژەڤی میدیای ئەو وڵاتە، لە کاتێکدا رۆدی ڤۆلەر سەرپەرشتی یاریی داهاتووی دۆستانەی هەڵبژاردەکە بەرامبەر فەرەنسا دەکات.
لە میدیای ئەڵمانیادا ناوی چەندین راهێنەر دەهێنرێن کە دەکرێ سەرپەرشتی ئەڵمانیا بکەن لە قۆناخی داهاتوودا. ئەو ناوانە زۆرینەیان ئەڵمانین و هەندێک ناوی نا ئەڵمانیش لە لیستی بەربژێرەکاندا هەن.
رۆدی ڤۆلەر خۆی یەکێکە لەو کەسانەی کە باسدەکرێ بۆ ئەوەی مەشقدانی هەڵبژاردەکە لە ئەستۆ بگرێت، لەوانەیە پێوانەی سەرەکی بۆ ڤۆلەر، ئەو یارییە دۆستانەیە بێت کە بەرامبەر فەرەنسا ئەنجامیدەدات و ئەگەر لەو یارییەدا، گۆڕانکاریی باش بە ئاستی هەڵبژاردەکەوە ببینرێت و ئەنجامەکەی باش بێت، دوور نییە ڤۆلەر بەربژێری سەرەکی بێت بۆ مەشقدانی ئەڵمانیا.
ئۆلیڤەر گلاسنەر کە راهێنەرێکی ئەڵمانیی تەمەن 49 ساڵە و لە 2021ەوە سەرپەرشتی یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرت دەکات، یەکێکی دیکەیە لە بەربژێرە بەهێزەکان بۆ مەشقدانی ئەڵمانیا. گلاسنەر کە لە یەکەمین وەرزی کارکردنی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە، بەسکانداڵێکی گەورەوە بارسێلۆنای ئیسپانی لە یۆرۆپالیگ دەرکرد و دواتریش نازناوەکەی لەگەڵدا بەدەستهێنان، دەکرێ لە ئاست متمانەی ئەڵمانییەکاندا بێت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەکەیان بۆ داهاتوو.
ناوی هەرە دیاری ئەڵمانی و خاوەن زۆرترین دەنگ لە راپرسییەکانی تایبەت بەدەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی ئەڵمانیا، ماتیاس زامەری ئەفسانەی ئەڵمانییە.. زامەر گەرچی خاوەنی بڕوانامەی پرۆی ئەوروپییە بۆ مەشقدان، بەڵام لە یادەوەریی ئەڵمانییەکاندا وەک یاریزانێکی ئەفسانە ماوەتەوە نەک وەک راهێنەر.
زامەر کە باڵۆن دۆری ساڵی 1996ی بەدەستهێناوە، دوایین یاریزانی ئەڵمانییە ئەو نازناوە بباتەوە. بەڵام ئەو لە ساڵی 2005ەوە و لە دوای وازهێنانی لە مەشقدانی شتوتگارت، ئەرکی راهێنانی هیچ یانەیەکی لە ئەستۆ نەگرتووە.
ئەڵمانەکان، لە نێو بەربژێرەکاندا، بەشێکی بەرچاویان ویستیان بۆ بینینی یولیان نایگێلسمان، لە سەرپەرشتیکردنی مانشافتدا هەیە.. نایگلێسمان رۆژانێکی زۆر باشی لەگەڵ بایرن میونشندا نەبوو، بەڵام تووندی و رێککاری ئەو راهێنەرە لاوە، وایکردووە ئەو بەپێویست بزانرێ بۆ ئەوەی سیستم و رێککاری و ئامادەیی بۆ قوربانیدان بگێڕێتەوە نێو یاریزانانی هەڵبژاردەکە.
کێشەی بەردەم دەستنیشانکردنی نایگێلسمان بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پەیوەندی بەبەردەوامبوونی گرێبەستی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەی بایرن میونشن هەیە کە تاوەکو 2026 درێژ دەبێتەوە و یانە ئەڵمانییەکە گەرچی ئەو راهێنەرەی لە پۆستەکەی دوورخستوەتەوە، بەڵام گرێبەستی لەگەڵدا هەڵنەوەشاندووەتەوە. بایرن میونشن داوای 10 تاوەکو 15 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی نایگێلسمان دەکات.
لە نێو ناوەندە میدیاییەکانی ئەڵمانیا و تەنانەت ژووری بڕیاردان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، ناوی چەند راهێنەرێکی بیانیش دەهێنرێت کە ئەمەیان وەک رووداوێکی پێشتر نەبینراو دەبینرێت.. لویس ڤان گال، راهێنەری هۆڵەندی ناوی بە هەڵبژاردەی ئەڵمانیاوە دەبەسترێتەوە، بەڵام بەهێزتر لەو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، زینەدین زیدانی فەرەنسییە کە لە دوای ریال مەدریدەوە مەشقدانی هیچ یانە و هەڵبژاردەیەکی وەرنەگرتووە.
زیدان خاوەن پرۆفایلێکی بەهێزە لە دونیای راهێنەرایەتیدا و لەگەڵ ریال مەدرید سیانەی مێژوویی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە.. خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و کاریگەرە لەسەر یاریزانەکانی، ئەمە جیا لەوەی چەندین ساڵە بەمەشقدانی هیچ یانە و هەڵبژاردەیەک رازی نەبووە و ئێستا ئەڵمانییەکان پێیانوایە زیزۆ، دەکرێ هەڵسێنەرەوەی مانشافت بێت لە قۆناخی داهاتوودا.


