ڤیدیۆ؛ خانمێکی دیکە ئانتۆنی بە دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبار دەکات

11-09-2023
ئیحسان تاهیر
ئینگرید لانا
ئینگرید لانا
نیشانەکردن ئینگرید لانا ئانتۆنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئینگرید لانا، کارمەندی بانکە، دووەم خانمە، ئانتۆنیی یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتد  تۆمەتبار دەکات بە هەوڵدان بۆ دەستدرێژیکردنە سەری، ئەو لە هەڤپەیڤینێکدا، باسی ئەوە دەکات کە چۆن بە فێڵ بانگهێشتی ئینگلتەرای کردووە و ویستووەیتی دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری.
 
ئەمە تەواوی هەڤپەیڤینەکەیە: 
 
رۆژنامەڤان: چۆن لە ئینگلتەرا ئانتۆنیت ناسی؟
لانا: من لە بارسێلۆنا بووم، ئانتۆنی منی بینی. پێیگوتم وەرە ئێرە تاوەکو بتوانین باسی حەواڵەکردنی پارە بکەین.
 
رۆژنامەڤان: چۆن بیر لە چوونە ئینگلتەرا دەکەیتەوە؟
لانا: بە تەواوی دڵنیابووم کە دەچمە ئەوێ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو و ئیمێرسۆنی برا و بەڕێوەبەری کارەکانی قسە بکەم سەبارەت بە حەواڵەکردنی پارە، چونکە ئەوکات تازە ئەو لە ئەیاکسەوە فرۆشرابوو بە مان یونایتد. لەبەرئەوەی ماڵباتەکەی لە بەرازیل بوو دەیویست پارە حەواڵەی بەرازیل بکات.
 
رۆژنامەڤان: گفتوگۆیەکی پیشەیی بوو؟
لانا: رێک. بەو پێیەی لە بواری ئاڵوگۆڕکردنی دراودا کاردەکەم، چوومە ئەوێ بۆ ئەوەی باسی کارەکە بکەم.
 
رۆژنامەڤان: بۆ تۆ تەنیا ئەوە بوو؟
لانا: بەڵێ. لەگەڵ گەیشتنم بەو شوێنە هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات کە شتێکی دیکەی بوێت.
 
رۆژنامەڤان: ئەمە کەی گۆڕا، کەی هەستت پێکرد؟
لانا: کاتێک لە کاژێر دووی بەیانی لە دەرگای ژووری نووستنەکەمی دا و گوتی پەنجەی پێی بریندارە، ئایا دەزانم بۆی بیبەستم یان نا.
 
رۆژنامەڤان: کاردانەوەت چی بوو؟ 
لانا: گوتم کە نازانم بیبەستم، و پەرستار نیم. لێم پرسی بۆچی داوای لە هاوڕێکانی لە مانچێستەر یونایتد نەکردووە ئەم کارە بکەن؟ ئەو تازە لە یانەکە گەڕابووەوە.
 
رۆژنامەڤان: تووشی سەرسوڕمان نەبووی کە کاژێر دووی بەیانی لە دەرگای ژووری نووستنەکەتی دا؟
لانا: لێم پرسی لەوێ چی دەکەیت؟ پرسیاری لێکردم کە ئایا دەزانم چۆن برینەکەی تیمار بکەم؟ پاشان پەنجە بریندارەکەی نیشاندام. پێمگوت نازانم چۆن بیکەم. لە راستیدا دەمزانی، بەڵام نەمدەویست لە ژووری نووستنەکەمدا بێت. پاشان پرسیاری کرد کە ئایا دەتوانین باسی حەواڵەکردنی پارە بکەین؟ بەو پێیەی ئیمێرسۆنی بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو کەسەیە کە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکات. لە دڵی خۆمدا گوتم بەڵێ بۆ نا! رێگەم پێدا بێتە ژوورەوە. دەرگاکەش بە کراوەیی مابووەوە. پاشان هەوڵیدا ماچم بکات. کاتێک هەوڵیدا پێمگوت نەخێر. پاشان پاڵی پێوەنام و سەرم بەر دیوارەکە کەوت. گوتی زۆر خێرا دەبێت، واز لە رەتکردنەوە بێنە، دەزانم تۆش دەتەوێت! پێمگوت کە من ئەوم بەخەیاڵدا نەدەهات، و بۆ ئەوە نەهاتووم.
 
رۆژنامەڤان: ئازارت پێگەیشت؟ 
لانا: ئەوەی کردوویەتی دەستدرێژی بووە، من لەوە دڵنیام.
 
رۆژنامەڤان: هیچ پەیوەندی خۆشەویستیت لەگەڵ ئەنتۆنی هەبووە؟ 
لانا: نەخێر.
 
رۆژنامەڤان: چۆن دەبینیت چیت بەسەر هاتووە؟
لانا: هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەر من.
 
رۆژنامەڤان: ئەمڕۆ چۆن سەیری ئانتۆنی دەکەیت؟
لانا: سەیرکە، من زۆر راستگۆ دەبم. ئەو منداڵە، تەمەنی 23 ساڵە و بەڕاستی پێویستی بە یارمەتی دەروونی هەیە. پێیوابوو ئەو دەسەڵاتەی هەیە بۆ ئەوەی ئەوەی دەیەوێت بیکات و خەڵکی گوێڕایەڵی دەبن. پێموایە ئەوە کەمێک تێکیداوە بۆیە، کاتێک پێمگوت نەخێر، لەوانەیە هەستی بریندار بووبێت، بۆیە هێرشی کردە سەرم. ئەو کەسێکە زۆر زۆر حەزی لە باڵادەستییە، منیش تێبینی ئەوەم کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە