ئامەدسپۆر یەکەم یاری لە خولی پلە یەکی تورکیا دەکات

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بووە پاڵەوانی یانە پلە دووەکانی تورکیا و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئیستەنبووڵ یەکەم یاریی ئەم وەرزەی دەکات.
 
بەگوێرەی خشتەی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا، ئامەدسپۆر کاژێر 7:15ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە یاریگەی ئۆڵۆمپیی ئەتاتورک رووبەڕووی یانەی فاتیح کاراگومروک دەبێتەوە.
 
عەزیز ئەلاڵدی، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووە، "بەبێ هیچ دوودڵییەک، لە یاریگەی ئۆڵۆمپیی ئەتاتورک، بە یەک دڵ و یەک دەست هانی تیپەکەمان بدەین. با جیاوازتر لە جارانی پێشوو لە یاریگە بین و پێداگرانەتر لە یاریگە ئامادە بین".
 
یانەی ئامەدسپۆر لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، ئامادەکارییەکانیان بۆ یەکەمین یاریی ئەم وەرزە تەواو بووە؛ هەروەها پێکهاتەی یارییەکەی بڵاوکردەوە کە ناوی 21 یاریزانی تێدایە. 
 
کارگێڕیی ئامەدسپۆر بۆ ئەم وەرزە دەستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوان کردووە و داوا لە هاندەرانی دەکات لە یاریگە ئامادەبن.
 
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هانی هاندەران دەدات کە پشتگیریی یانەکەیان بکەن و کارتی پاسۆلیگ (کارتی هاندەرانی ئامەدسپۆر) بکڕن و لە یارییەکاندا ئامادە بن.
 
ئامەدسپۆر لە وەرزی 2023-2024 لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا لە کۆمەڵەی سوور یاری کرد و توانی بە کۆکردنەوەی 80 خاڵ پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و ببێتە پاڵەوان. ئەو یانەیە لە کۆی 35 یاری 24 بردنەوە، 8 یەکسانبوونی تۆمارکرد و تەنیا 3 دۆڕانی هەبوو. ئامەدسپۆر 73 گۆڵی تۆمارکرد و 26 گۆڵی لێکرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە