ڤیدیۆ؛ لە رۆژی هەشتەمی ویمبڵدندا جۆکۆڤیچ گەیشتە قۆناخی هەشت

11-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
Photo by Adrian DENNIS / AFP
Photo by Adrian DENNIS / AFP
نیشانەکردن نۆڤاک جۆکۆڤیچ پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ویمبڵدن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

نۆڤاک جۆکۆڤیچ، بۆ جاری چواردەیەم خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی ویمبڵدن، دوای ئەوەی لە یارییەکە دواخراوەکەیدا سەرکەوتنی بەرامبەر هێربێر هورکاچی پۆڵەندی بەدەستهێنا.
 
یاریی نێوان هەردوو تێنسزانەکە ئەو کاتە راگیرا کە جۆکۆ بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر لە پێشەوە بوو، کاتێک دەستیپێکردەوە هورکاچ ئەنجامەکەی کەمکردەوە و حەوت پێنج کۆمەڵەی سێیەمی بردەوە.
 
لە کۆمەڵەی چوارەمدا نۆلی ئەزموونی خۆی بەکارهێنا و شەش چوار ئەو کۆمەڵەیەی بردەوە و بە سێ کاژێر و 6 خولەک رکابەریکردن خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتوو.
 
لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە جۆکۆڤیچ رکابەری ئاندرێ روبلێڤی رووسی دەکات.
 
سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی کارلۆس ئەلکارازی لاو لە ویمبڵدن بەردەوامن و بۆ جاری یەکەم لە مێژوویدا گەیشتە قۆناخی هەشت.
 
ئەلکاراز ئەمجارە بەرامبەر ماتیۆ بێریتینیی ئیتاڵی یارییکرد، رکابەرییەکی سەرنجڕاکێش بەهێز بوو، بەڵام هێزی تێنسزانە ئیسپانییەکە سەرکەوت.
 
کارلۆس کۆمەڵەی یەکەمی بە سێ شەش دۆڕاند، بەڵام سێ کۆمەڵەی لەسەریەکی بە شەش سێ، شەش سێ و شەش سێ بردەوە و بە دوو کاژێر و 53 خولەک گەیشتە قۆناخی داهاتوو و ئەمجارە رکابەری هولگێر رونی دانیمارکی دەکات.
 
تێنسزانی لاوی دانیمارکی، هولگێر رون سەرکەوتنی بەرامبەر یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تێنس بەدەستهێنا و گریگۆر دیمیترۆڤی بولگاریی لە پاڵەوانێتییەکە دوورخستەوە.
 
لە کۆمەڵەی یەکەمدا دیمیترۆڤ کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ بردەوە، بەڵام دوای ئەوە ئەزموونی چەند ساڵەی ئەو تێنسزانە نەیتوانی بەرامبەر هێزی تێنسزانە 20 ساڵەکە خۆی بگرێت و رون سێ کۆمەڵەی لەسەریەکی بە حەوت شەش، حەوت شەش و شەش سێ بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە و یارییەکە سێ کاژێر و 24 خولەک درێژەی کێشا.
 
دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی، شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتووی ویمبڵدن کردەوە، دوای ئەوەی رکابەرەکەی کشایەوە.
 
مێدڤێدێڤ بەرامبەر جێری لێهێچکای چیکی یارییکرد.
 
کۆمەڵەی یەکەم و دووەم تێنسزانە رووسییەکە شەش چوار و شەش دوو پێشکەوت، بەڵام رکابەرەکەی تووشی پێکانبوو و لە کۆمەڵەی سێیەمدا بڕیارییدا لە پاڵەوانێتییەکە بکشێتەوە، بەمەش دانیێل مێدڤێدێڤ بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە قۆناخی هەشت.
 
لەسەر ئاستی خانمان، ئونس جابری تونسی و شەشەمی ریزبەندی جیهان درێژەی دایە ئەنجامە باشەکانی و ئەمجارە سەرکەوتنی بەرامبەر پێترا کڤیتۆڤای چیکی و نۆیەمی ریزبەندی جیهان بەدەستهێنا.
 
چاوەڕواندەکرا رکابەرییەکی بەهێز لەنێوان هەردوو تێنسزانەکەدا ببینرێت، بەڵام ئونس هیچ هەلێکی نەدایە رکابەرەکەی و بەتەواوی کۆنتڕۆڵی یاریگەی کرد و بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر شەش سفر و شەش سێ یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە قۆناخی داهاتوودا ئونس جابر بەرامبەر ئێلینا ریباکینای کازاخستانی یارییدەکات.
 
لەلایەن خۆیەوە ریباکینای کازاخستانی و خاوەنی نازناوی ساڵی رابردووی ویمبڵدن بەئاسانی گەیشتە قۆناخی داهاتوو، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر حەداد مایای تێنسزانی بەرازیلی بەدەستهێنا.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا مایا تووشی پێکانبوو، بەڵام هەر لە رکابەریکردن بەردەوامبوو، دوای 26 خولەک یارییکردن تێنسزانە بەرازیلییەکە خۆی نەگرت و بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکە کشایەوە.
 
بەمەش ریباکینا گەیشتە قۆناخی داهاتوو و لە قۆناخی هەشت یاریی کۆتایی ساڵی رابردوو بەرامبەر ئونس جابری تونسی دووبارە دەکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە