یاریی ئاگرین لە ئیتاڵیایە و لیڤەرکوزن دەیەوێت درێژە بە درەوشانەوەکەی بدات

11-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرۆپالیگ
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یارییەکانی چوونی قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچن، یاریی لووتکە لەنێوان دوو یانەی ئیتاڵی دەبێت و بایرلیڤەرکوزن دەیەوێت درێژە بە درەوشانەوە مێژووییەکەی بدات.
 
هەر چوار یارییەکەی ئەمشەوی یۆرۆپالیگ لەیەککاتدا لە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچن.
 
لووتکەی یەکلاکردنەوەی داهاتووی راهێنەرەکان
 
لە یاریی لووتکەدا، هەردوو یانەی ئەیسی میلان و رۆمای ئیتاڵی لە یاریگەی سانسیرۆ لە شەوێکی ئەوروپیدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، میلان دوایین یاریی سێریا ئای لە لیچی بردووەتەوە و شوێنی خۆی لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە مسۆگەرکردووە، ئێستا دەیەوێت لەسەر ئاستی ئەوروپا هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە، بۆ ئەوەش دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت.
 
لە بەرامبەردا یانەی رۆما لەژێر سەرپەرشتی دانیێلی دی رۆسی لە دۆخێکی باشدایە و دەیەوێت لەسەر ئەنجامە باشەکانی و ئەو ئاستەی بەردەوامبێت، کە لە دوای هاتنی دی رۆسییەوە تیپەکە پێشکێشیدەکات.
 
دوایین یاریی نێوان ئەم دوو یانەیە لە سەرەتای ئەمساڵ بوو، کاتێک لە سێریا ئەیدا لە سانسیرۆ میلان بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە رۆمای بردەوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیتاڵیا، ئەم یارییە کاریگەریی لەسەر داهاتووی راهێنەری هەردوو یانە دەبێت، لەکاتێکدا سەرەڕای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا دۆخی باشتربووە، بەڵام هێشتا داهاتووی ستیفانۆ پیۆلی، لەگەڵ میلان روون نییە و هاندەرانیش لێی رازی نین.
 
لە بەرامبەر رۆما لە دوای رۆیشتنی مۆرینیۆوە تاوەکو کۆتایی وەرز دانیێلی دی رۆسیی کردووەتە راهێنەری یانەکە، بەڵام بردنەوەی ئەم یارییە و گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی، ئەگەری هەیە گرێبەستی ئەو راهێنەرە درێژبکاتەوە و ماوەیەکی زیاتر وەکو راهێنەری یانەکە بمێنێتەوە.

 
لیڤەرپوول و ئاتالانتا
 
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر ئاتالانتای ئیتاڵی یاریی دەکات، بەر لە یارییەکە هەریەکە لە دیۆگۆ جۆتا و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد گەڕانەوە نێو مەشقەکان و لە دوایین راهێنانەکانی یانەکەدا بەشدارییانکرد.
 
هەردوو یانە پێشتر لە چامپیۆنزلیگدا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی 2020-2021 رووبەڕووی یەکبوونەوە، لیڤەرپوول بە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە 5-2 لە یانە ئیتاڵییەکەی بردەوە.
 
یانەی لیڤەرپوول لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ماڵئاوایی لە یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەکەی دەکات، بۆیەش یاریزانەکانی هەموو توانایەکیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتییەکەدا تاوەکو دوورترین شوێن بڕۆن و هەلی بردنەوەی نازناوەکەیان هەبێت.
 
ئاتالانتا جگە لەوەی دەیەوێت بە شانازییەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا دەربکەوێت، هیچ شتێکی نییە لەدەستیبدات، لەسەر ئاستی ئیتاڵیاش ئەنجامەکانی لە چاو وەرزەکانی رابردوو زۆرباش نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەیەوێت پارێزگاری لەو هەلەی بکات کە بۆ مانەوە لە رکابەرییەکەدا هەیەتی، بەتایبەت کە یاریی گەڕانەوەی ئەم قۆناخە لە یاریگەی بێرگامۆ لەنێو هاندەرانیدا ئەنجامیدەدات.


درەوشانەوە ناوازەکەی بایرلیڤەرکوزن
 
یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، یەکێک لە سوپرایزە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم وەرزەیە لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەڵمانیا و کیشوەری ئەوروپاش، ئەوان لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگدا بەرامبەر یانەی وێستهام یونایتدی ئینگلیزی یاریی دەکەن.
 
تیپەکەی چابی ئەڵۆنسۆ لە 41 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی لەسەر ئاستی هەموو خول و پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاندووە و دەیەوێت درێژە بەو ئاستە بەرزەی بدات و هەنگاوێکی دیکە بۆ نزیکبوونەوە لە بردنەوەی نازناوە ئەوروپییەکە بچێتە پێشەوە.
 
لیڤەرکوزن بەبردنەوەیەکی دیکە دەبێتە پاڵەوانی بوندێسلیگا، بەبردنەوەیەکی دیکە دەبێتە پاڵەوانی جامی ئەڵمانیا و بۆ بردنەوەی یۆرۆپالیگیش پێویستیی بەبردنەوەی 5 یاریی دیکە، کە سەرەتای ئەو هەنگاونانەی دەبێت لە یارییەکەی ئەمشەوەوە دەستپێبکات.
 
یاریی نێوان هەردوو یانە ئەڵمانی و ئینگلیزییەکە، یەکەم رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا.
 
وێستهام لە پرێمەرلیگدا توانای رکابەریکردنی نییە، ئەوان لە ریزبەندی خولی ناوخۆدا لە پلەی حەوتەمن، وەرزی رابردوو نازناوی کۆنفرانسلیگیان بردووەتەوە و ئەم وەرزە تیپەکەی دەیڤد مۆیس دەیەوێت لەسەر ئاستی کیشوەری زیاتر بچێتە پێشەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی دووەم نازناوی ئەوروپی بەدوای یەکدا بکات.

 
یارییەک بۆ خۆ سەلماندن
 
یارییەکەی دیکەی ئەم قۆناخەی یۆرۆپالیگ، لەنێوان هەردوو یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی و مارسیلیای فەرەنسی دەبێت، یاریی چوون لە یاریگەی دالۆش لە پۆرتوگال دەکرێت، بێنفیکا بە سەرکردایەتیی ئانخێل دیماریا، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ رکابەریکردن لەسەر بڕینی نیوەی رێگەی گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی.
 
بێنفیکا لەسەر ئاستی ناوخۆ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە، هەرچەند یارییەکی زیاتری ئەنجامداوە و 4 خاڵ لە سپۆرتینیگی یەکەمەوە دوورە، بەڵام هێشتا لە رکابەریکردن بەردەوامە و دەیەوێت ئەم وەرزە بەباشترین شێوە کۆتاییبهێنێت.
 
لەبەرامبەر یانەی مارسیلیا لە دۆخێکی خراپدایە و لە دوایین 4 یارییدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەوروپا هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە، لە خولی فەرەنسادا یانەکە لە پلەی هەشتەمی ریزبەندە و زۆر زەحمەتە لە رێگەی خولی ناوخۆوە بۆ وەرزی داهاتوو لەسەر ئاستی کیشوەری ببینرێت، بۆیە تیپەکە جگە لە پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتوو هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.
 
هەردوو یانە ئاشنای مێژوو و شێوازی یارییکردنی یەکدین، پێشتر چەندجارێک لە یارییە فەرمی و دۆستانەکاندا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە و ئەمجارەش دوو یاری یەکلاکەرەوە لە پۆرتوگال و فەرەنسا، ناسنامەی ئەو تیپە یەکلادەکەنەوە کە دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ.
 

یارییەکانی گەڕانەوەی ئەم قۆناخەی یۆرۆپالیگ، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەکرێن و هەر چوار یانەی قۆناخی پێشکۆتایی یەکلادەبنەوە، براوەی میلان و رۆما، بەرامبەر براوەی بایرلیڤەرکوزن و وێستهام یاریی دەکات، براوەی لیڤەرپوول و ئاتالانتا رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان بێنفیکا و مارسیلیا دەبێتەوە.
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە