سعودییە لە یارییەکی ئاگریندا بەرامبەر ژاپۆن یاری دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سعودیە ژاپۆن پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کیشوەری ئاسیا، یارییەکانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال بەڕێوەدەچن، یاریی لووتکەی رکابەرییەکە لە جەددە دەبێت و سعودیە میوانداریی هەڵبژاردەی ژاپۆن دەکات.
 
ئەمشەو لە یاریگەی شا عەبدوڵڵا، لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، لە کۆمەڵەی سێیەمدا، هەڵبژاردەی سعودیە میوانداریی هەڵبژاردەی ژاپۆن دەکات.
 
سعودیەی خاوەن یاریگە لەژێر سەرپەرشتی رۆبێرتۆ مانچینی دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی پێشەنگی ریزبەند لە ژاپۆن وەربگرێت و سەرکەوتنەکانی ئەو هەڵبژاردەیە رابگرێت.
 
سعودیە لە دوو یاریی رابردوودا چوار خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی دووەمی ریزبەندە، ئاستی هەڵبژاردەکە لە دوو یاریی رابردوودا بە دڵی هاندەران نەبووە و ئەمە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ پێکهاتەی راهێنەرە ئیتاڵییەکە.
 
لەلایەن خۆیەوە هەڵبژاردەی ژاپۆن، بەهێزترین هەڵبژاردەی ئێستای ئاسیایە و بە دوو بردنەوەی لەسەریەک لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە.
 
ژاپۆنییەکان بە سەرکردایەتیی واتارۆ ئیندۆ، تاکۆمی مینامینۆ، تاکیفۆسۆ کۆبۆ و کارۆ میتۆما دوایین مەشقەکانیان لە ریاز ئەنجامدا و بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەن.
 
سامۆرای لە دوو یاریی رابردوودا 12 گۆڵی تۆمارکردووە، هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، ئەمە هاندەرانی سعودیەی ترساندووە و بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕواننە ئەم یارییە.
 
رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "بەرامبەر ژاپۆن پێویستیمان بە بیرکردنەوەیەکی زۆرباش هەیە، ئەوان باشترین هەڵبژاردەی ئاسیان و بۆ بردنەوە یاری دەکەین."
 
راهێنەری سعودیە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "کێشەی سەرەکی ئێمە ئەوەیە، یاریزانەکان بەردەوام بەیەکەوە یاری ناکەن، رێنوێنی من بۆ یاریزانەکان ئەوەیە هەلی زۆر لەدەست نەدەن، یارییەکە بۆ هەردوو تیپ زەحمەتە و تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە."
 
هاجیمی موریاسۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی ژاپۆن بەر لە یارییەکە گوتی "ئێمە رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەهێزی سعودیە دەبینەوە، چاوەڕێی یارییەکی زەحمەت دەکەین، هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ، تاوەکو کۆتایی تێدەکۆشین و بەهێزەوە ئامادەین بۆ ئەوەی خاڵەکانی یارییەکە لە رکابەرییەکی زەحمەتدا ببەینەوە."
 
هەڵبژاردەی سعودیە لە مێژوودا 17 یاریی بەرامبەر ژاپۆن کردووە، 5 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 11 یاریی دۆڕاندووە، تەنیا یەک یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون تەواو بووە.
 
لە دوایین 9 یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە، سعودیە 4 سەرکەوتن و ژاپۆن 5 سەرکەوتنی هەیە، 4 لەو 9 یارییانەیان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2018 و 2022 بووە.
 
ژاپۆن بە دۆخێکی زۆر نایابدا تێدەپەڕێت، هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، 15 یاریی ئەنجامداوە، 14 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، 13 جار گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە، 47 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 2 گۆڵی لێکراوە.
 
پێشتر لە مێژووی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالدا، هیچ یارییەکی لە جەددە نە دۆڕاندووە، 19 یاریی بردووەتەوە، لە 4 یارییدا یەکسانبووە، سعودییەکان چاویان لەوەیە ئەمشەویش هەڵبژاردەکەیان سەرکەوتنەکانی ژاپۆن رابگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە