ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆ وەرزی نوێی تۆپی پێ لە ئینگلتەرا دەستپێدەکات

10-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مانچێستەر یونایتد - مانچێستەر سیتی 17:00
مانچێستەر یونایتد - مانچێستەر سیتی 17:00
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد مانچێستەر سیتی جامی قەڵخانی ئینگلتەرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

وەرزی نوێی تۆپی پێ لە ئینگلتەرا دەستپێدەکات، دێربیی مانچێستەر لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی پاڵەوانی پرێمەرلیگ و مانچێستەر یونایتد پاڵەوانی فا کەپ دەکرێت.
 
یارییەکە یاریی قەڵخانی ئینگلتەرایە، گواردیۆلا و تێن هاگ دەیانەوێت بەبردنەوەی جامەکەوە هەنگاوی یەکەمیان لە وێمبڵی بەرەو وەرزێکی درێژ بە سەرکەوتوویی بنێنن.
 
مانچێستەر سیتی پێچەوانەی وەرزەکانی جگە لە گواستنەوەی ساڤینیۆ هیچ یاریزانێکی دیکەی نەگواستووەتەوە، بەڵام دەستبەرداری جولیان ئەلڤارێز هێرشبەری ئەرجەنتینی دەبێت و یاریزانەکە دەچێتە ئاتلێتیکۆ مەدرید، جگە لەوەش رۆدری بەشداری لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ناکات.
 
مان سیتی 6 جار بووەتە پاڵەوانی قەڵخانی ئینگلتەرا، لە دوایین سێ وەرزدا لەسەریەک یارییەکەی دۆڕاندووە، بەڵام لە کۆتایی وەرزدا خۆی لەسەر سەکۆی بەرزکردنەوەی جامی پرێمەرلیگ بینیووەتە، بۆ ئەم دەستپێکە یانەکە چاوی لەوەیە بەبردنەوەی قەڵخان دەستپێبکات.
 
مانچێستەر یونایتد، لە قۆناخی ئامادەکاریدا بۆ وەرزی نوێ لە کۆی 5 یارییدا سێ یاریی دۆڕاند، بەڵام ئەوە بۆ هەڵسەنگاندنی تیپەکە پێوەر نییە و تێن هاگ بە گەشبینییەوە لە وەرزی نوێ دەڕوانێت.
 
مان یونایتد بۆ وەرزی نوێ گرێبەستی لەگەڵ لێنی یۆرۆ، جۆشوا زیرکزی واژۆکردووە و جادۆن سانچۆش لە دۆرتموندەوە گەڕاوەتەوە یانەکە.
 
رێد دیڤڵز، خاوەنی 17 نازناوی قەڵخانی ئینگلتەرایە، بەڵام لە 2013ـەوە نەبووەتە پاڵەوان، ئەوان وەرزی رابردوو بەبردنەوەی فا کەپ ئاوێکی بەدڵی تووڕەی هاندەرانیدا داکرد و ئامانجی ئەوەیە لە دەستپێکی وەرزدا زەردەخەنە بخاتە سەر لێوەکانیان.
 
قەڵخانی ئینگلتەرا، هەرچەند زیاتر لە یارییەکی دۆستانە دەچێت، بەڵام ئەمە دێربییە و شین و سوور دۆستانە ناناسێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە