ڤیدیۆ؛ ناسریە بە 12 یاریزانی کوردەوە رکابەری یانەکانی عێراق دەکات

08-09-2024
سیڤەر بێستوون
راهێنەر و بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ناسریە
راهێنەر و بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ناسریە
نیشانەکردن رەوەند عەبدولخالق یانەی ناسریە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەر کەسێک لە دوورەوە سەیری ئەم تیپە بکات، وادەزانێت یانەیەکی کوردستانە، بەڵام راستی چیرۆکەکە ئەوەیە، یانەکە ناسریەیە و زۆربەی یاریزانەکانی کوردن.
 
عەبدولقادر ئەیوب، لە پێکانێکی قورسەوە گەڕاوەتەوە و بەهۆی ئەو پێکانەوە، یانەی هەولێری بەجێهێشت و بە درێسی ناسرییەوە قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات.
 
عەبدولقادر ئەیوب بە رووداوی گوت "بەهۆی پێکانەوە چەند مانگێک لە یاریگاکان دوورکەوتمەوە، دواتر گەڕامەوە و لەگەڵ یانەی هەولێر رێکەوتم، بەڵام یانەکە بڕیاری خۆی گۆڕی، بۆیە بڕیارم دا گرێبەست لەگەڵ یانەی ناسرییە واژۆ بکەم. تاوەکو بتوانم ئاستی خۆم بگەڕێنمەوە، هەولیش دەدەین یانەی ناسرییە بگەڕێنینەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق". 
 
هەر لە یانەی هەولێرەوە بەرەو ناسریە، ئەمجارەیان بارزان شێرزاد بە ئەزموونە زۆر و دەوڵەمەندەکەی لە یاریگە و یانە جیاوازەکانی عێراق، دەیەوێت هاوکاری یانەکە بکات بۆ گەیشتن بە خەونی یاریکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
 
بارزان شێرزاد، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت "هۆکاری یەکەمی پەیوەندیکردنم بە یانەی ناسڕییە ئەوە بوو، یانەکە ئامانجیان گەیشتنە بە خولی ئەستێرەکانی عێراق و هۆکاری دووەمیشم ئەوەبوو، ئێستا ناسڕییە خاوەنی یاریگایەکی نێودەوڵەتی و هاندەرێکی زۆر باشە". 
 
پەیوەندیکردنی 12 یاریزانی کورد بە یانەی ناسریە، بۆ هەمووان جێگای تێڕامانە، نهێنی گواستنەوەشییان کەسێکی کوردە و بەمتمانەوە لە پێکهاتەی تیپەکە دەڕوانێت. 
 
رەوەند عەبدولخالق، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ناسریە، بە رووداو گوت "پێشتر ئەزموونی ئەوەمان بینیوە، کە یانەی سلێمانی، هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی و نەورۆز، بە یاریزانی کورد توانیویانە بگەنەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق". 
 
ناسریە یانەیەکی دێرینی عێراقە، تەمەنی 63 ساڵە، 15 ساڵە لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی عێراقەوە دوورە، دەیەوێت وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە ریزی یانە گەورەکان. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە