گواردیۆلا و یاریزانەکانیشی لە دۆزەخی ڤێلا پارك رزگاریان نەبوو

07-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی تووشی شکستێكی سەختبوو لە بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا و چەندین ریکۆردی خراپی لە یارییەکەدا تۆمارکرد. 
 
لە درێژەیی یارییەکانی گەڕی 15ـی پرێمەرلیگ، لە یاریگەی ڤێلا پارك یانەی مانچێستەر سیتی بووە میوانی ئاستۆن ڤێلا و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر پێدۆڕاند.
 
ئەنجامە خراپەکانی مانچێستەر سیتی لەم وەرزەدا جیهانی سەرسامکردووە، پێش ئەم دۆڕانە، یانەکە لە دوایین سێ یاری خۆی لە پرێمەرلیگدا سەرجەم یارییەکانی بە یەکسانبوون کۆتایی پێهێنابوو، بەڵام ئەوەی وایکردووە یارییەکەی بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا سەرنجی تایبەتی لەسەربێت ئاستە خراپەکەی سیتیزنس بوو لە یارییەکەدا. 
 
مان سیتی بە ئاستێکی کارەساتبارەوە لە یارییەکەدا دەرکەوت، یارییەکەی دۆڕاند و چەندین ئاماری خراپی تۆمارکرد، لە خولەکی 11ـی یارییەکەدا ئێرلینگ هالاند دوو لێدانی ئاراستەی گۆڵی ئاستۆن ڤێلا کرد، بەڵام ئیمێلیانۆ مارتینێز رێگری لە هێرشبەرە نەرویجییەکە کرد و هەردوو تۆپەکەی گەڕاندەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە دوای ئەو دوو لێدانەی هالاند، مانچێستەر سیتی تاوەکو کۆتایی یارییەکە هیچ لێدانێکی دیکەی بۆ گۆڵی ڤێلا نەبوو، کە ئەوەش کەمترین ژمارەی لێدانە یانەیەکی پێپ گواردیۆلا لە یارییەکی خولی نێوخۆدا تۆماری کردبێت. 
 
مانچێستەر سیتی هەر لە هێرشبردندا کارەساتبار نەبوو، بەڵکو یانەکە لە بەرگریکردنیشدا ریکۆردێکی خراپی یەکسانکردەوە، لە یارییەکەدا ئاستۆن ڤێلا 22 لێدانی بۆ گۆڵی سیتیزنس هەبوو کە ئەمەش زۆرترین لێدانە لە مێژووی راهێنەرایەتی پێپ گواردیۆلادا لە یارییەکی خولی نێوخۆدا ئاراستەی یانەکەی کرابێت. 
 
لە ژێر راهێنەرایەتی پێپ گواردیۆلادا، مانچێستەر سیتی هەمیشە بەوە ناسراوبوو کە یانەیەکە پشت بە تەنیا یەك یاریزان نابەستێت و لە ئەگەری دوورکەوتنەوەی هەر ئەستێرەیەکیدا، یانەکە شوێنی پڕ دەکردەوە و نەیدەهێشت کاریگەری ئەوتۆی بەسەر تیپەکەوە هەبێت، بەڵام ئەوە پێناچێت بۆ ئەم وەرزە راستبێت، سیتیزنس لەم وەرزەدا چوار یاری بێ رۆدری، یاریزانی ئیسپانی و ئەستێرەی یانەکە کردووە و لەسەرجەم یارییەکاندا تووشی شکست بووە کە دوایین جار یارییەکەی دژی ڤێلا بوو، ئەمە لە کاتێكدایە کە بەبەشداری کردنی رۆدری، یانەکە لە دوایین 43 یاریدا تامی دۆڕانی نەکردووە.
 
ئەم یارییە چەندێك خراپی و کێشەکانی مانچێستەر سیتی دەرخست، ئەوەندەش دۆخی باش و ئاستە ناوازەکەی ئەم وەرزەی ئاستۆن ڤێلای پێشاندا، یانەکە لەم وەرزەدا توانیویەتی لە 15 یاری سەرەتای خولەکەدا 10 سەرکەوتن بەدەستبهێنیت، کە دوایین جار ڤێلا بەم ژمارەیە گەیشتبێت وەرزی 1980/1981 بوو کە لەو وەرزەدا دوایین نازناوی خولی ئینگلیزی لە مێژووی خۆیدا بەدەستهێنا. 
 
ڤێلا پاركی یاریگەی یانەکەش بووەتە دۆزەخی یانەکانی ئینگلتەرا، لە دوایین 14 یاریدا هەر یانەیەك سەردانی ئەو یاریگەیەی کردبێت جگە لە شكست بە هیچ ئەنجامێكی دیکەوە نەهاتووەتە دەرەوە، ئەگەر ڤێلا یاری داهاتووی بباتەوە، دەبێتە یەکەمین جار لە مێژووی 149 ساڵەی یاناکەدا 15 یاری لەسەریەك بباتەوە، بەڵام ئەرکێكی قورس چاوەڕێی دەکات کاتێك لە گەڕی 16ـی پرێمەرلیگدا میوانداری ئارسیناڵی پێشەنگی خولەکە دەکات، بە تایبەتیش کە دوایین دۆڕانی ئاستۆن ڤێلا لە ڤێلا پارك لە دژی ئارسیناڵ بوو کاتێك لە گەڕی 24ـی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و ئارسیناڵ بە ئەنجامی 4-2 لە ئاستۆن ڤێلای بردەوە. 
 
ئاستۆن ڤێلا لەم وەرزەدا بە ئاستێکی سەرسوڕهێنەر دەرکەوتووە، یانەکە دوایین یاری خۆی لە مانچێستەر سیتی بردەوە و پلەی سێیەمی خولەکەی بە سیتیزنس چۆڵکرد، ڤێلا چاوی لەوەیە لە ئاستە باشەکەی بەردەوامبێت و بلیتێکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).