نەیمار بە حەوت ملیۆن پاوەند، دوورگەیەکی ناوازە لە بەرازیل دەکڕێتەوە

07-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نەیمار داسێلڤا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە بەرازیلییەکان ئاشکرایانکردووە، نەیمار دا سێلڤا، ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی، لە قۆناخەکانی کۆتایی کڕینەوەی دوورگەیەکی گەورەدایە لەسەر کەناراوەکانی بەرازیل.
 
دوورگەکە ناوی ئیلها دو گاباو ئۆ یان 'دوورگەی ژاپۆن'ە، دەکەوێتە ناوچەی ئێنگرا دۆس رێس، نزیک لە کەناراوەکانی وڵاتەکە.
 
رووبەری دوورگەکە وەکئەوەی میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردووە، 6 دۆنمە و نرخەکەی حەوت ملیۆن پاوەندە.
 
دوورگەکە سی ڤێلای گەورەی تێدایە کەلەسەر شێوازی بیناسازیی ئیندۆنیسی دروستکراوە، دەکەوێتە نزیک بەندەری شاری ئێنگرا دۆس رێس، لە باشووری رۆژئاوای ریۆ دی جانیێرۆ.
 
پێشتر خاوەنی دوورگەکە بۆ فرۆشتنەوەی داوای دە ملیۆن پاوەندی کردبوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ تەنیا حەوت ملیۆن پاوەند دابەزاندووە و ئەوەش سەرنجی نەیماری بۆ کڕينەوەی راکێشاوە.
 
نەیمار لە دوو هەفتەی رابردوودا، بۆ تاقیکردنەوەی ژیان لەسەر دوورگەکە، بۆ چەند شەوێک دوورگەکەی بەبڕی 40 هەزار پاوەند بەکرێگرتووە.
 
نەیمار پێشتریش وەک گەشتیار چەند شەوێک لە دوورگەکە ماوەتەوە کە تەنیا لە رێگەی بەلەم یان هەلیکۆپتەرەوە دەتوانرێ مرۆڤ بگاتە سەری.
 
ماڵپەری 'سپۆرتۆن'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، نەیمار لە 2013ەوە بایەخ بەدوورگەکە دەدات، بەڵام ئێستا دەیەوێت بەیەکجاری بیکڕێتەوە.
 
دوورگەکە ژێرخانێکی ناوازەی هەیە و هەڵکەوتە جوگرافییەکەی بۆ کەسایەتییەکان زۆر سەرنجڕاکێشە، چونکە بەسەر دەریادا دەڕوانێت و بەرامبەر دیمەنی ناوازەی شاری ریۆ دی جانیرۆیە.
 
پێشتر ریهانای گۆرانیبێژی بەناوبانگ و ریکی مارتن، بەهەمان شێوە بۆ ماوەی کاتیی دوورگەکەیان بەکرێگرتووە و تێیدا ماونەتەوە.
 
نەیمار کە لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا لە پاریس سانجێرمانەوە روویکردە هیلالی سعودی بەبەهای زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ، لە مانگی دەی ساڵی رابردووەوە دووچاری پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بووە و لە چەند رۆژی رابردوودا گەڕاوەتەوە مەشقە بەکۆمەڵەکانی یانەی هیلال.
 
نەیمار کە بەپێی میدیاکان زۆر نزیکە لە کڕینەوەی دوورگەکە، لە رۆژئاوای ئێنگرا دۆس رێس، هەوارگەیەکی هەیە کە ڤێلای گەورە و پێگەی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەر و هۆڵی وەرزش و چەندین تایبەتمەندیی دیکەی تێدایە.
 
هەروەها وەک سەرچاوە بەرازیلییەکان ئاشکرایانکردووە، نەیمار خاوەنی خانوویەکی گەورەیە لە ناوچەی ئەلفافیل لە رۆژئاوای ساوپاولۆ کە بەهاکەی 2.5 ملیۆن یۆرۆیە و رووکەشی شووشەییە و گەراجێکی هەیە کە جێگەی دە ئۆتۆمبێلی تێدا دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە