ئانتۆنی: ستەمم لێدەکرێت

06-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئانتۆنی دۆس سانتۆس، یاریزانی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد، وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە کە لەلایەن میدیاکان بەگشتی ئەفسانەکانی پێشووی یانەکەی بەتایبەتی ئاراستەی دەکرێن و دەڵێت "حەزدەکەم بزانم ئەو کەسانەی ئەم رەخنە نادادپەروەرانە و خراپەکارانە دەگرن لە شوێنی منبان چۆن دەبوون".
 
گوشارەکانی سەر مانچێستەر یونایتد بەردەوامن، ئاستە خراپەکەی یانەکە لەم وەرزەدا وایکردووە ببێتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری میدیاکان و ئەفسانەکانی پێشووی یانەکە، یەکێك لەو یاریزانانەی بەردەوام سەرنجی لەسەرە و جێی باس و خواسی میدیاکانە، ئانتۆنیی هێرشبەری یانەکەیە کە لەم وەرزەدا بە ئاستێکی خراپدا تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا بەشداری هیچ گۆڵێکی نەکردووە.
 
لە رابردوودا ریۆ فێردیناند، بەرگریکاری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد رەخنەی تووندی لە ئانتۆنی گرتبوو و گوتبوی "ئانتۆنی ناتوانێت هیچ یاریزانێك ببڕێت، ئەوەش سەرسامم دەکات بەتایبەتی کە ئەو بەرازیلییە. لە یارییەکدا بینیم تۆماس پارتی زۆر بە ئاسانی توانی بە تەنیشتیدا تێپەڕێت و لەو کاتەدا گوتم: واو، بەڕاستی ئەو هێزی لە قاچەکانیدا نییە". 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پۆڵ سکۆڵز، ئەفسانەی یانەکە دەڵێت "ئانتۆنی تەنیا دەتوانێت یەك جوڵە ئەنجامبدات" و دیمیتار بێرباتۆڤی یاریزانی پێشووی یانەکە دەڵێت "ئانتۆنی پێویستە واز لەو جوڵە گەمژانانە بێنێت کە هیچ سوودێکی نییە". 
 
ئانتۆنی بێدەنگی دەشکێنێت، وەڵامی رەخنەکان دەداتەوە و دەڵێت "زۆر رەخنەم ئاراستە دەکرێت لەلایەن میدیاکان و یاریزانانی پێشووی یانەکە، تەنانەت کاتێك یاریش ناکەم بە بەشێوازێکی خراپ رەخنە دەگرن و کاریگەری زۆر لەسەر هەزاران هاندەر درووستدەکەن".
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە زیاتر دەڵێت "ئەوان هەرگیز رەخنەی درووستکەر ناگرن، کە ئەگەر وابکەن یارمەتییەکی زۆرم دەدەن بۆ ئەوەی ببمە پیشەگەرێکی باشتر. هیچ کەسێکیان جارێك نامەیەکیان بۆ نەناردووم تاوەکو بزانن من هەستم چۆنە، بەتایبەتی لەم ساتەدا کە ئاستم ناجێگیرە". 
 
دواتر یاریزانەکەی مان یونایتد باس لەوە دەکات کە ئاسانە بۆ خەڵکی رەخنەی لێبگرن لە کاتێکدا ئەوان بەو زەحمەتییانەدا ناڕۆن کە ئەو تووشی دەبێت و دەڵێت "حەزدەکەم بزانم ئەو کەسانەی ئەم رەخنە نادادپەروەرانە و خراپەکارانە دەگرن لە شوێنی منبان چۆن دەبوون".
 
ئانتۆنی وەرزی رابردوو بە گرێبەستێك بە بڕی 95 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئایاکس ئەمستەردامی هۆڵەندییەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد، لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکەدا نەیتوانیوە هەمان ئاستی سەردەمی ئایاکسی پێشکێش بکات و لە 58 یاریدا بەشداری لە تەنیا 11 گۆڵدا کردووە و ئەمەش وایکردووە رەخنەیەکی زۆری لێبگیرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە