نوێترین لێدوانی سەرۆکی سانجێرمان لەبارەی رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ

06-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی پاریس سانجێرمان کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، جارێکی دیکە مشتومڕی لەبارەی چارەنووسی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەکەیەوە دروستکرد.
 
پێشبینیدەکرێت، ئێمباپێ لەدوای کۆتاییهاتنی وەرزی ئەمساڵ، لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، لەو یانەیە بڕوات و پەیوەندی بە ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بکات. سەرچاوەکان دەڵێن ئێمباپێ رۆیشتنی لە یانەکە، بەهەمووان راگەیاندووە.
 
سەرۆکی یانە فەرەنسییەکە، دوای سەرکەوتنی یانەکەی بەسەر ریال سۆسیێداد لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، گوتی، "ناتوانم رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ پشتڕاستبکەمەوە، یانەکە هەمووکات رووداوی لەو جۆرە رادەگەیێنێت".
 
خلێفی زیاتر دەڵێت، "ئەگەر یانەکەمان بڵاوکراوەیەکی فەرمی لەوبارەیەوە رانەگەیاندبێت، مانای ئەوەیە ئێمە هێشتا قسە لەسەر شتێک دەکەین. کیلیان لە تیپەکەماندایە و گرێبەستی ماوە".
 
سەرۆکی سانجێرمان زیاتر دەڵێ، "بەدڵنیاییەوە ئێمە کار لەسەر داهاتوو دەکەین، ئەمشەو بچووکترین پێکهاتەی سەرەکیمان لە مێژووی بەشداریکردنمان لە چامپیۆنزلیگدا هەبوو".
 
کیلیان لە دوو یاریی رابردووی سانجێرمان لە خولی فەرەنسا، لەسەر بڕیاری لویس ئینریکێی راهێنەری یانەکە، بەتەواوی یاریینەکرد، بەڵام لە یارییەکەی سۆسیێداددا، سەرەکی بوو و دوو گۆڵی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد.
 
سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لەبارەی بڕیارەکانی راهێنەری تیپەکەی بەمامەڵەکردن لەگەڵ ئێمباپێ، دەڵێ، "بڕیارەکان لەدەستی راهێنەردان، ئێمە بەدڵنیاییەوە پشتگیری دەکەین و ئەوەش گرنگترین شتە بۆ ئێمە".
 
هەروەها گوتوویەتی، "ئەمشەو یارییەکی ناوازەمانکرد، سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو ئاسان نەبوو لەسەر ئەم یاریگەیە دڵخۆشم بەم دەستکەوتە".
 
خلێفی لە کۆتایی قسەکانیدا، لەبارەی کیلیانەوە دەڵێ، "کیلیان هەر بە کیلیان دەمێنێتەوە، ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، بەڵام تیپەکەمان بەگشتی ئاستێکی زۆر باشی هەبوو، بەتۆپ و بێتۆپەوە جووڵەیان زۆر باشبوو".
 
تاوەکو ئێستا، هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی پەیوەندیکردنی ئێمباپێ بە ریال مەدریدەوە لە ئارادا نییە، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن ئەو یاریزانە تەنانەت گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە