رووداو هەولێر
ئیبراهیم غازی، یاریزانی کوردی یانەی زەورا ئاشکرایکرد، لە یانەکەی ئاسوودە نییە، دەڵێ ئەگەرچی ئاستم بەرزە، بەڵام راهێنەر یارییم پێناکات، هەربۆیە بیر لە رۆیشتن لە یانەکە دەکاتەوە.
غازی کە تەمەنی 24 ساڵە و هاوینی رابردوو پەیوەندی بە زەوراوە کردووە، بەڕووداوی راگەیاند، لە دۆخی خۆی لە یانەی زەورا نیگەرانە و دەیەوێت لەماوەی گواستنەوەی زستانەدا پەیوەندی بە نەورۆزەوە بکات.
ئیبراهیم غازی، کە پێشتر چوار ساڵ لە یانەی هەڵۆ لە خولی نایابی کوردستان یارییکردووە. لە خولی عێراق لەگەڵ یانەکانی نەورۆز و دهۆک بووە و وەرزی رابردووش کە باشترین وەرزی یارییکردنی ئەوبوو، لە یانەی حدوود یارییکرد و بەتۆمارکردنی 20 گۆڵ، بووە گۆڵکەری دووەمی وەرزی رابردووی خۆلی ئەستێرەکانی عێراق.
ئیبراهیم غازی، لەبارەی بارودۆخی لەگەڵ یانە زەورا لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "زەورا یانەیەکی گەورەی عێراقە و من هیچ کێشەیەکم لە یانەکە نییە و شانازی بەوە دەکەم درێسەکەیانم پۆشیووە، بەڵام لەوە نیگەرانم کە ئاستم بەرزە، بەڵام راهێنەر لەسەر کورسی یەدەگم دادەنێت، تەنیا کێشەی من لەگەڵ راهێنەرە".
لە پاش کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەکانی نەورۆز، کارەبا و نەفت، پەیوەندییان بەو یاریزانەوە کردووە، بەڵام وەکخۆی دەڵێ، "نزیکترین بژاردەم یانەی نەورۆزە".
ئیبراهیم غازی، کە لەدایکبووی سۆرانە، ئەگەرچی ماوەی دوو ساڵە لە باشووری عێراق یارییدەکات، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، "یاریکردن لە یانەیەکی کوردی بۆ من خۆشترە و ئاسوودەیی زیاتری تێدا دەبینم، دووەم ساڵە لە بەغدا دەژیم، لەگەڵ ئەوەشدا حەزم لێیە بگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان و لە ریزی یانەیەکی کوردی یاری بکەم، بێگومان داهاتوو و حەزی من یانەی نەورۆزە ".
ئیبراهیم غازی، پێشتر لە وەرزی 2022 - 2023 لەگەڵ یانەی نەورۆز لە خولی پلە یەکی عێراق یارییکردووە، لە ماوەی وەرزەکەدا، حەوت گۆڵی تۆمارکردووە. ئەمساڵیش لە چوار یاریدا وەک یاریزانی سەرەکی لەگەڵ زەورا بووە، سێ گۆڵ و ئاسیستێکی هەیە.
ئیبراهیم غازی متمانەی زۆری بەخۆی هەیە، دەڵێ خەونی من یارییکردنە بەدرێسی هەڵبژاردەی عێراقەوە، دووپاتیدەکاتەوە، "توانام زۆرە و دەتوانم بگەمە ئاستی ئەستێرە گەورەکانی مێژووی تۆپی پێی عێراق ".
غازی بەڕووداوی راگەیاند، لە چەند کاژێری رابردوو، لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی یانەی زەورا دانیشتووە و داوای دەستبەرداربوونی لێکردوون، تاوەکو لە یانەکە بڕوات، بەڵام کارگێڕیی یانەکە داوایان لێکردووە ئارام بگرێت، تاوەکو بڕیاری خۆیان لەبارەی چارەنووسی ئەو بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ