رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بڕیاریداوە لە گرێبەستەکانی داهاتوویدا، لاسایی ریال مەدرید بکاتەوە.
بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە یانەی بارسێلۆنا، کارگێڕیی یانەکە چاوی لە تواناکانی هیونگ مین سۆنی هێرشبەری یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزییە کە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت.
سۆنی 32 ساڵ، هاوینی داهاتوو دەبێتە یاریزانێکی ئازاد، لەئێستاوە دەتوانێت دانوستاندن لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە خۆی بیەوێت. تۆتێنهامیش پێناچێت ویستی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەی هەبێت.
رۆژنامەی 'ئێل ناسیۆنال'ی ئیسپانی دەڵێ، بارسێلۆنا دیارترین یانەیە کە ویستی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرەی هەیە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، سۆن تاکە یاریزان نییە کە بارسێلۆنا دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکات، بەڵکو یانەکە بڕیاریداوە ستراتیجی خۆی لە بازاڕی گواستنەوەدا بگۆڕێت و روو لە هێنانی ئەو یاریزانانە بکات کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانیان کۆتایی دێت.
بارسێلۆنا لە گۆڕینی ستراتیجی گرێبەستەکانیدا، دەیەوێت پابەندبێت بەیاساکانی یاریی خاوێن و خۆپاراستن لە دووبارەبوونەوەی ئەو سیناریۆیەی لە تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ بەسەریداهات، چونکە هاوینی رابردوو یانەکە 60 ملیۆن یۆرۆی دابوو بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئۆلمۆ.
سەرچاوەکان دەڵێن، سۆن تاکە ویستی بارسێلۆنا نییە، بەڵکو یانەکە چاودێریی دۆخی هەریەکە لە جۆشوا کیمیچ و لیرۆی سانێ دەکات لە بایرن میونشن، هەروەها جۆناسان تا لە بایرلیڤەرکوزن.
ئاراستەی کارکردنی داهاتووی بارسێلۆنا بەرەو گرێبەستە خۆڕاییەکان، بەهۆی ئەو کێشە داراییە زەبەلاحانەوەیە کە یانەکە لە چەند ساڵی رابردوودا دووچاری بووە و تاوەکو ئێستا چارەسەر نەبووە.
سۆن ئەگەرچی کاپتنی تۆتێنهامە، بەڵام ئەمساڵ ئاستی بەراورد بە ساڵانی پێشوو زۆر دابەزیووە و ئەو یاریزانە لە 17 یاریی پرێمەرلیگدا تەنیا پێنج گۆڵی تۆمارکردووە.
سۆن بەهۆی ماندووێتی و نەخۆشییەوە بەشداریی لە دوایین یاریی یانەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ نەکردووە.
سەرچاوەکان پێیانوایە، هێرشبەرە کۆرییە باشوورییەکە، دەتوانێت بەشێک لە کێشەکانی هێڵی پێشەوەی بارسێلۆنا، کە لە هەندێک یاریدا رووبەڕووی کێشەی گۆڵکردن دەبێتەوە، چارەسەر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ