گومان لە سیستمی ئۆفسایدەکانی بارسێلۆنا دروست بووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا سیستمی ڤار یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو سیستمی ئۆفسایدەی یانەی بارسێلۆنا پەیڕەوی دەکات و بەهۆیەوە شکست بەرکابەرەکانی دەهێنێت لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا، لە ئیسپانیا کێشەی دروستکردووە و هەندێک گومان لە تاکتیکەکە دەکەن.
 
هەندێک سەرچاوەی میدیایی، دەڵێن ئەوەی بارسا دەیکات، لەوانەیە سەربکێشێت بۆ دۆسێیەکی هاوشێوەی دۆسێی نیگرێرا، کە یانەکەی پێ تۆمەتبارکراوە.
 
دۆسێی نێگرێرا لە مانگی دووی ساڵی 2023 سەریهەڵدا، یانەی بارسێلۆنا تۆمەتبارکرا بە ئەنجامدانی تاوانی گەندەڵی، لە رێگەی پێدانی پارە بەبڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆ بە ناوبژیوانی پێشوو، خۆسێ نێگرێرا، لە نێوان ساڵانی 2000 تاوەکو 2018 کاتێک ئەو جێگری سەرۆکی لیژنەی هونەریی ناوبژیوانان بووە لە ئیسپانیا.
 
بارسێلۆنا ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و دەڵێ پەنای بۆ نێگرێرا بردووە وەک راوێژکارێک، لەپێناو پێدانی راپۆرتی ناوبژیوانان، لە کاتێکدا نێگرێرا ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێ پارەی وەرنەگرتووە وەک بەرتیل تاوەکو بڕیاری ناوبژیوانان بەرامبەر بارسا بگۆڕێت.
 
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی، ئاماژەی بە لێدوانی خۆسێ لوسی سانچێزی رۆژنامەڤانکردووە کە دەڵێ، "ئەوەی لەبارەی ئۆفسایدەکانی بارسێلۆناوە هەیە بەرامبەر رکابەرەکانی، من گومانم لە سیستمی ڤار لە ئیسپانیا هەیە".
 
ئەو رۆژنامەڤانە گوتوویەتی، ئەو کۆمپانیایەی سیستمی ڤار کارپێدەکات لە لالیگا، پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە هەیە لە رێگەی خاوەنەکەیەوە و ئەوەش بە دژیەکی لە بەرژەوەندییەکان دادەنرێت.
 
رۆژنامەڤانەکە زیاتر دەڵێ، "من لەنێو ئەو کەسانەدام کە گومانم لە سیستمی ڤار هەیە، چونکە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کار لەگەڵ خولی ئیسپانیا دەکەن، ئەگەر پەیوەندییان بەیەکێک لە یانەکانەوە هەبێت، ناتوانن بەشداری لە رێکخستنی خولەکەدا بکەن".
 
لێدوانەکانی سانچێز پاش رەتکردنەوەی دوو گۆڵی یانەی ئیسپانیۆل بەرامبەر بارسێلۆنا، لە دێربی کەتەلۆنیا هاتن کە بارسا یارییەکەی بە 3 - 1 گۆڵ بردەوە.
 
بەر لەو یارییە، بارسا بەهۆی پەیڕەوکردنی هەمان سیستمەوە، سەرکەوتنی گەورەی بەسەر بایرن میونشنی ئەڵمانی لە چامپیۆنزلیگ 4 - 1 و ریال مەدرید لە کلاسیکۆ 4 - 0 بەدەستهێنابوو.
 
سیستمی پشتبەستن بەپلانی ئۆفساید کە بارسێلۆنا پەیڕەوی دەکات، درەوشانەوەیەکی گەورەی بە یانەکە بەخشیوە و ئێستا بارسا بەجیاوازیی نۆ خاڵ، لە پێشەنگی لالیگا، لە ریال مەدریدەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە