ئەمشەو یۆرۆپالیگە.. دیزێربی، کڵۆپ و ئەلۆنسۆ سەرکەوتنیان دەوێت

05-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یۆرۆپالیگ لیڤەرپوول بایەرلیڤەرکوزن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یارییەکانی گەڕی دووەمی یۆرۆپالیگ دەستپێدەکات و ئەو گەورانەی ئەوروپا کە پێیانوایە دەبوو لە چامپیۆنزلیگ بن و بەهۆی بارودۆخی پێشبینیەکراوەوە هاتوونەتە دووەم پاڵەوانێتی سەر ئاستی ئەوروپا، بەدوای سەرکەوتنی نوێدا دەگەڕێن. ئەگەرچی هەندێک لە تیپە دیار و سەرنجڕاکێشەکانی ئەوروپا، لە گەڕی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا دووچاری شۆک و ئەنجامی پێشبینینەکراو بوون.
 
یانەی مارسیلیای فەرەنسی پاش دەستنیشانکردنی جینارۆ گاتۆزۆی ئیتاڵی بەر‌اهێنەری یانەکە، یەکەم یاریی لەگەڵ ئەو راهێنەرە لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە ئەنجامدەدات و ئەرکەکەی ئاسان نابێت کاتێک لە نێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یەکێک لەسەرنجڕاکێشترین یانەکانی ئێستای ئەوروپا دەکات کە برایتنی ئینگلیزییە.
 
برایتن لە یاریی یەکەمدا دووچاری شۆکبوو کاتێک ئیک ئەسینای یۆنانی کە خاوەنی ئەزموونێکی بەرچاوە لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان لە یاریگەی خۆیدا شکستی پێهێنا. بەڵام بۆ دی زێربی و یاریزانەکانی، یارییەکەی ئەمشەو لە نێو یاریگەی فیلۆدرۆم یان دەبێ سەرەتای هەڵسانەوەی یانەکە بێت، یان دەبێ ئیدی بکەوێتە نێو لێکدانەوەی قورسەوە لەپێناو گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
 
لە کۆمەڵەی چوارەمی پاڵەوانێتییەکەدا، هەردوو یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی و ئاتلانتای ئیتاڵی، کە هەردووکیان یاریی یەکەمیان بردووەتەوە، لەپێناو بردنەوەیەکی دیکە و گرتنی پێشەنگی کۆمەڵەکەدا، رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
سپۆرتینگ لیسبۆنا، دوای بەڕێوەچوونی حەوت یاریی لە خولی نێوخۆی پۆرتوگالدا، تاکە تیپی وڵاتەکەیە دووچاری شکست نەبووەتەوە و پێشەنگی خولەکەی گرتووە، یانەکە دەیەوێت سوود لە ناجێگریی ئەنجامەکانی ئاتلانتای ئیتاڵی وەربگرێت و بە پشتگیریی هاندەرەکانی، بگاتە شەشەم خاڵ لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
لە ئینگلتەرا، یۆرگن کلۆپ و یاریزانەکانی کە لە رۆژانێکی باشی ئاست و ئەنجام و هەڵسانەوە و یاریی بەهێزدان، دەیانەوێت لێکەوتە نێگەتیڤەکانی شکستە ناهەقەکەیان بەرامبەر تۆتێنهام لە پرێمەرلیگ، بە بردنەوە لە سانت جیلوازی بەلجیکی تێپەڕێنن.
 
ئەگەرچی دەرکەوتنی لیڤەرپوول لە یۆرۆپالیگ بەهۆی هێزی گەورە و پێکهاتەی بەهێزیەوە بەنامۆ دێتە بەرچاو، بەڵام ئەو یانەیە پێدەچێت سووربێت ئەمساڵ دەستبەرداری بەختی خۆی نەبێت لەو پاڵەوانێتییەدا و بەدوای دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکدا دەگەڕێت.
 
رۆما و جۆزێ مۆرینیۆ، لە ئۆڵەمپیکۆ میوانداریی سیرجیتی سویسری دەکەن و یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا کە لە دەیەوێت لە ژێر گوشاری ئەنجامە ناوخۆییە خراپەکان بێتە دەرەوە، پێویستی بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو هەیە تاوەکو لە ململانێی سلاڤیا پراگی چیکیدا بمێنێتەوە کە پێشەنگی کۆمەڵەکەیە، بەرلەوەی لە گەڕی داهاتوودا هەردوو یانە بەیەک بگەن.
 
لە کۆمەڵەی هەشتەمی پاڵەوانێتییەکەدا، بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی کە پێشەنگی گرتووە و تاکە یانەی نێو کۆی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکەیە لە یاریی یەکەمدا چوار گۆڵی تۆمارکردووە، پێویستی بەدرێژەدان بە ریتمی بەهێزی خۆی هەیە کاتێک لە نەرویج بەرامبەر بە مۆڵدە یارییدەکات، لە کاتێکدا وێستهامی هەڵگری نازناوی پاڵەوانێتییەکە، ئەرکی ئاسان نابێت لە ئەڵمانیادا و لەوێ رووبەڕووی فرایبۆرگ دەبێتەوە، کە ئەویش پاڵەوانێتییەکەی بەبردنەوە لە یەکەم یاریی خۆیدا، دەستپێکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).