رووداو هەڵسەنگاندن بۆ گرانترین 10 گواستنەوەی ئەم وەرزە دەکات

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن گواستنەوەکانی هاوینە مێرکاتۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مێرکاتۆی هاوینی ئەمساڵ بەردەوامە و چەند گواستنەوەیەکی گرنگ و مێژوویی تیایدا روویداوە. تۆڕی میدیایی رووداو بەپێویستی زانی هەڵسەنگاندن بۆ گرانترین 10 گواستنەوەی ئەم وەرزە بکات، بەپێی نرخی گواستنەوە و بایەخی یاریزانەکە، و وردەکارییەکان بەمشێوەیە دەخەینەڕوو:

یان ماتسن.. 8 لەسەر 10
 
ئەو یاریزانە هۆڵەندییەی کە ناوی لە باشترین پێکهاتەی چامپیۆنزلیگدا بوو، بە دەستەوارەیەکی 44 ملیۆن یۆرۆیی گوازرایەوە یانەی ئاستۆن ڤێلا، سەرەڕای گرنگیدانی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بۆ ئەو یاریزانە، بەڵام ئامادە نەبوو دەستەوەرایەکی لەو شێوەیەی پێشکەش بکات.
 
یانەی ئاستۆن ڤێلا، لە وەرزی داهاتوودا دەگەڕێتەوە چامپیۆنزلیگ، هەر بۆیە ئەو یانەیە ماتسن و کۆمەڵێک یاریزانی بەتوانای دیکەی گواستووەتە ریزەکانی بۆ وەرزی داهاتوو.

ریکاردۆ کالافیۆری.. 8.5 لەسەر 10
 
ریکاردۆ کالافیۆری، بەرگریکاری ئیتاڵی و یاریزانی پێشووی یانەی بۆڵۆنیا، دوای ئاستە ناوازەکەی لە وەرزی رابردوو و لە یارییەکانی یۆرۆی 2024 بووە باسی میدیاکان، ئارسیناڵ و یوڤێنتوس لە کێبڕکێدابوون بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە، بەڵام لە کۆتاییدا یانە لەندەنییەکە سەرکەوتوو بوو لە گواستنەوەی کالافیۆری بەدەستەوارەیەک کە نزیکە لە 45 ملیۆن یۆرۆ.

ماکس کیلمان 5 لەسەر 10
 
کیلمان، بەرگریکاری تەمەن 27 ساڵ و یاریزانی پێشووی یانەی وۆڵڤەرهامتۆنی ئینگلیزی، یەکێکبوو لە بەرگریکارە سەرنجڕاکێشەکانی پرێمەرلیگ لە وەرزی رابردوودا، بەڵام ئەوەی شۆکهێنەربوو نرخی دەستەوارەی گواستنەوەکەی بوو بۆ یانەی وێستهام، کیلمان بە دەستەوارەیەکی 47 ملیۆنی چووە وێستهام یونایتد! 

ئێندریک 7 لەسەر 10
 
یاریزانی لاوی 18 ساڵ، لە پالمێراسی بەرازیلییەوە بەدەستەوارەیەکی 47.5 ملیۆنی روویکردە یانەی ریال مەدرید، لە کۆپا ئەمریکای 2024، هاندەرانی بەرازیل چاوەڕێی ئاستێکی ناوازەیان لەو یاریزانە گەنجە دەکرد، بەڵام وەک پێویست نەبوو. هاندەرانی مێرێنگێ چاوەڕوانی ئاستێکی جیاوازتری لێدەکەن.

جواو پالینیا 8 لەسەر 10
 
ناوەڕاستکاری پۆرتوگالی، ئەو یاریزانەی نزیکبوو لە بایرن میونشن لە وەرزی رابردوودا، بەڵام یانەی فولهام رێگەی بە گواستنەوەکەی نەدا، لە کۆتاییدا گەیشتە ئامانجەکەی. پالینیا بە دەستەوارەیەکی 51 ملیۆن یۆرۆیی گوازرایەوە یانە باڤارییەکە و چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت کە هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە بۆ هێڵی ناوەڕاستی بایرن میونشن.

دۆگلاس لویز 7.5 لەسەر 10
 
دۆگلاس لویز، ئەو یاریزانەی لەلایەن زلهێزەکانی پرێمەرلیگەوە داواکراو بوو، بەڵام لەبەر هۆکارێکی سەیروسەمەڕ یوڤێنتوسی هەڵبژارد، دۆگلاس یەکێک لە مەرجەکانی بۆ گواستنەوەی ئەوە بوو کە پێویستە هاوژینەکەی ئەلیشا لێمان لەگەڵیدا بگوازرێتە یانەی ئافرەتانی یوڤێنتوس.
خانمە پیرەکە بەو مەرجە رازیبوو و 51.5 ملیۆن یۆرۆی خەرجکرد لەو گواستنەوەیە و بەوەش ریزەکانی خۆی بەهێزترکرد بۆ وەرزی نوێ.

مایکل ئۆلیسی 8 لەسەر 10
 
ئەستێرەکەی کریستاڵ پاڵاس، دوای ئاستە ناوازەکەی لە وەرزی رابردوودا سەرنجی یانە باڤارییەکەی بۆ لای خۆی راکێشا، بایرن میونشن ئەو یاریزانە فەرەنسییەی بە 53 ملیۆن یۆرۆ گواستەوە ریزەکانی خۆی.

ئامادۆ ئۆنانا 6 لەسەر 10 
 
ناوەڕاستکارە لاوە بەلجیکییەکە، ئەزموونی دوو ساڵی پرێمەرلیگی لەگەڵ یانەی ئێڤەرتن هەیە، ئاستۆن ڤێلا بە دەستەوارەیەکی نزیک لە 60 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانەی گواستەوە ریزەکانی.

موسا دیابی 6.5/10
 
یەکێک لە گواستنەوە شۆکهێنەرەکان، موسا دیابی، یەکێک لە بەهرەدارترین یاریزانەکانی پرێمەرلیگ رووی لە خولی رۆشنی سعودی کرد، ئەو یاریزانە فەرەنسییە بە 60 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئاستۆن ڤێلاوە گوازرایەوە یانەی ئیتیحادی سعودی. 

لێنی یۆرۆ 4.5 لەسەر 10 
 
لێنی یۆرۆ، بەرگریکاری فەرەنسی و یاریزانی پێشووی یانەی لیل، بە گرێبەستێکی 62 ملیۆن یۆرۆیی رووی لە یانەی مانچێستەر یونایتد کرد، هەرچەندە ئەو یاریزانە لەلایەن ریال مەدریدەوە چاودێری کرابوو، بەڵام دەستەوارەکەی مانچێستەر یونایتد زۆر بەرزتر بوو، گواستنەوەکەی لێنی یۆرۆ بە گرانترین گواستنەوەی ئەم وەرزە دادەنرێت.
 
ئەو یاریزانە لە یارییە دۆستانەکاندا تووشی پێکان بوو و پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی 3 مانگ لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.
 
 
ئەمە لیستی 10 گرانترین گواستنەوەیە لە رووی نرخەوە، کە لە هاوینی ئەمساڵدا ئەنجامدراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە