ئەو 5 رووداوەی لە مانگی 5 دا کۆتاییان بەبوونی مێسی لە پاریس هێنا

05-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مانگی پێنجی ئەمساڵ، گەرمترین مانگی ژیانی لیۆنێل مێسی بوو، لەو دوو وەرزەدا کە لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەسەری بردن.. لە مانگی پێنجدا، هەرزوو ئەوە روونبووەوە کە مێسی و سانجێرمان پێدەچێ پەیوەندییەکەیان بگاتە دووڕیانی لێکجیابوونەوە و لە کۆتاییشدا هەرئەوە روویدا.
 
 
توڕەیی هاندەران
 
لە رۆژی 4ی مانگی پێنجدا، ئەنجامە خراپەکانی یانەکە و دروستبوونی هەڕەشە لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی فەرەنسا، هاندەرانی یانەکەی توڕەکرد.. ئەوان بە ژمارەی زۆرەوە چوونە بەردەمی یانەکە و خۆپێشاندانیان لە دژی هەمووان کرد، بەڵام کەس هێندەی مێسی پەلامارنەدرا و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی جنیۆ بەدایکی بدرێ، ئەمە رووداوێکی شۆکهێنەر بوو.
 
 
گەشتە شۆکهێنەرەکە
 
چەند رۆژێک پاش ئەو خۆپێشاندانە، لەناکاو مێسی و خێزانەکەی لە سعودیە دەرکەوتن.. ئەوە سەردانی گەشتیاری بوو بۆ مێسی و پێشتر کارگێڕیی یانەکە ئاگادارنەکرابوونەوە... گالتێ گوتی ئاگام لە گەشتەکەی مێسی نییە و بەبێ پرس گەشتی کردووە.. میدیاکان کردیان بەهەڵا و لە نێوان ئەوەی کێ لەسەر هەقە کەوتنە مشتومڕ و بێنە و بەرە.. یانەکە رایگەیاند، مێسی سزاداوە و دوو هەفتە لە مەشق و یارییەکان دوورخراوەتەوە. وەڵامی مێسی سەیر و جێگەی سەرنج بوو، لە ڤیدیۆیەکی خێرا و پڕ لە گوماندا دەرکەوت و بەشەرمەوە داوای لێبوردنی لە هاندەران و کارگێڕیی یانەکە کرد و گوتی پێشتر چەند جارێک گەشتەکەم دواخستبوو، ئەمجارەش نەدەکرا دوای بخەم، نەشمزانیبوو کە مەشقمان هەیە تاوەکو گەیشتمە سعودیە.
 
 
هاندەرەکان سارد نەبوونەوە
 
سزاکە زۆری نەخایاند، داوای لێبوردنەکەی مێسی، وایکرد سزاکە بکرێتە هەفتەیەک. مێسی گەڕایەوە مەشقەکانی یانەکە و لە یارییەکانیشدا دەرکەوتەوە، بەڵام دیاربوو هاندەرەکان رووداوەکانیان لەبیر نەکرد، جارێکی دیکە لە یاریگەدا کاتێک ناوی مێسی لە لیستی پێکهاتەی تیپەکەدا بۆ یارییەکان خوێنرایەوە، هویهایان لە مێسی کێشا و فیکەیان لە دژی لێدا و ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەری پێشاندا و داوای رۆیشتنی ئەویان کرد، مێسی بە ئارامی مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکە کرد و هیچ پەرچەکردارێکی نەبوو.
 
 
پشتگوێم بخە و پشتگوێت دەخەم
 
زنجیرەی رووداوە ئاماژەدەرەکان بەناکۆکی و نەگونجانی نێوان هەردوولا درێژەیان کێشا.. مێسی بانگهێشتی ئاهەنگی ساڵانەی خەڵاتەکانی لۆریۆس کرا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا.. لیۆ دوو خەڵاتی ناوازەی لە ئاهەنگەکەدا بردەوە و وەک باشترین وەرزشوانی ساڵ دەستنیشانکرا.. دوای خەڵاتەکە قسەیکرد، باسی دوو گرنگترین وێستگەی ژیانی کرد و سوپاسی کردن، بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.. ئەی سانجێرمان؟ بەیەک وشەش ناوی نەهێنا... ئاهەنگ تەواو بوو و قسەکانی مێسی تەقینەوە، پاریس سانجێرمان وتی باشە با بۆت بمێنێ.. هەرچی دۆست و نزیکی مێسی بوو، پیرۆزبایی ئەو خەڵاتەیان لێکرد، سانجێرمان بەیەک وشەش باسی نەکرد...
 
 
تۆ بڕۆ و من نایەم
 
بێنە و بەرە.. رابکێشە و رادەکێشم لە نێوان مێسی و سانجێرمان درێژەی کێشا.. سانجێرمان بووە پاڵەوانی خولی فەرەنسا.. یاریزانەکانی ئاهەنگیان گێڕا، مێسی خۆی لێنەکرد بە ساحێب و بەبێدەنگی لە دیمەنە گشتییەکە چووە دەرەوە.. زۆری پێنەچوو.. خەڵاتەکانی ساڵ لە فەرەنسا دابەشکران.. مێسی لە نێو پێکهاتەی باشترینی وەرزدا بوو، خۆی بەهیچەوە سەخڵەت نەکرد.. لە کاتێکا ئەوانیتر ئەچوون بۆ خەڵات وەرگرتن، ئەو بەخشکەیی خۆی کرد بە بارسێلۆنایا و بەردێکی دیکەی گەورەی فڕێدایە نێو گۆمی چارەنووسە نادیارەکەی خۆیەوە تا زیاتر بیشڵەقێنێت.. 
 
مانگی پێنج بە پێنج هەڵچوون و داچوونی نێوان ئەو دووانە کۆتایی هات.. مانگی شەش.. بووە ئەو مانگەی کۆتایی بە دوو ساڵ مانەوە و یارییکردنی لیۆنێل مێسی لە پاریس سانجێرمان هێناو، ئێستا لە پاش رووداوی شەشەمەوە، کاتی رووداوی حەوتەمە، ئەویان پەیوەستە بەوەی مێسی روو لە کوێ دەکات؟ بارسێلۆنا یان سعودیە؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).