ڤیدیۆ؛ ئێنریکی بەنیازە بە پلانێکی نوێ رووبەڕووی نیوکاسڵ ببیتەوە

04-10-2023
ئیحسان تاهیر
ئێنریکی و ئێمباپێ
ئێنریکی و ئێمباپێ
نیشانەکردن لویس ئێنریکی نیوکاسڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاریس سانجێرمان لەسەر یاریگەی سانت جەیمس پارک مەشقەکانی خۆی ئەنجامدا و لویس ئینریکێی راهێنەر پێدەچێ بەنیازی تاقیکردنەوەی پلانێکی نوێ و تەواو هێرشبەرییانە بێت، بۆ خافڵگیرکردنی نیوکاسڵ کە تاوەکو ئێستا بەکەمێک لە خۆپارێزییەوە یارییەکانی ئەنجامدەدات.
 
مەشقەکانی سانجێرمان کە گەڕانەوە و دڵخۆش دەرکەوتنی کیلیان ئێمباپێیان بەخۆوە بینی، پلانی نوێی لەلایەن راهێنەری یانەکەوە تێدا بەکارهێنراوە و وەک سەرچاوە نزیکەکانی سانجێرمان ئاشکرایانکردووە، ئینریکێ لە دوا مەشقدا پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەی بە یاریکردن بەشێوازی 4-2-3-1 تاقیکردووەتەوە.
 
ئینریکێ کە تیپەکەی تاکە براوەی کۆمەڵەکەیە لە گەڕی پێشوودا، دەیەوێت هەلەکە لەبەرژەوەندی خۆی باشتر بقۆزێتەوە و نیوکاسڵ لە یاریگەی خۆیدا دووچاری شۆک بکات و پێشەنگی کۆمەڵەکە مسۆگەر بکات، تاوەکو نەکەوێتە نێو دۆخی ئاڵۆزی لێکدانەوەی ئەنجامی یانەکان بۆ گەیشتنە قۆناخی داهاتوو، لە کاتێکدا کۆمەڵەکەی سانجێرمان قورسترینی پاڵەوانێتییەکەیە و جیا لە پاریس و نیوکاسڵ، دۆرتمۆند و میلانیشی تێدایە.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە بەنیازە گۆنزالۆ رامۆس وەک هێرشبەری سەرەڕم یاریی پێبکات و عوسمان دێمبلی بخاتە پشتییەوە و راندال کۆڵۆ موانێ و کیلیان ئێمباپێ بکاتە هێرشبەرانی باڵ، لەپێناو تێكشکاندنی بەرگریی نیوکاسڵدا. بەڵام ئەوەی مەترسیی گەورە لەسەر نیوکاسڵ دروستدەکات، وەکئەوەی پێشبینیکراوە، کیلیان ئێمباپێ دەبێت کە ئامادەیی لەسەداسەدی خۆی بۆ یارییەکە راگەیاندووە.
 
کیران تریپێر کاپتنی یانەی نیوکاسڵ، گوتی "پێشتر یارییم بەرامبەر کیلیان کردووە، پێموایە ئەوکات یەکەم یاریی خۆی لە مۆناکۆ ئەنجامدەدا و من لە تۆتێنهام بووم. هەروەها لە هەڵبژاردەی ئینگلتەراش چەند ساڵێک لەمەوبەر رووبەڕووی بوومەوە. ئەو یاریزانێکی ناوازەنە، بەڵام من پێشتر گوتوومە ئێمە لەم پاڵەوانێتییەدا رووبەڕووی باشترین یاریزانانی جیهان دەبینەوە و هیوادارم بۆ یارییەکەی ئەمجارە هەموو ئەوانەی پەیوەستن بە یانەکەمانەوە لە پشتمان بن، چونکە دەزانین بردنەوەی چەند گرنگە".
 
نیوکاسڵ کە پاش ناباشییەکانی سەرەتای وەرز لە پرێمەرلیگ، هاوسەنگیی بەدەستهێناوەتەوە و لە دوایین پێنج یاریی خۆیدا، چواربردنەوەی دەبێت، ئەمشەو بۆ هاندەرەکانی شەوێکی ناوازە و مێژوویی دەبێت، چونکە یانەکە پاش ساڵانێکی یەکجار زۆر لە دابڕان لە چامپیۆنزلیگ، ئەمشەو یەکەم یاریی خۆی لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامدەدات.
 
لوکاس هێرناندێز، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان، گوتی "یارییەکە بۆ نیوکاسڵ زۆر نایابە، چونکە لە بیست ساڵی رابردوودا ئەمە یەکەمجارە لە بەردەم هاندەرانی خۆی و لە نێو یاریگەی خۆیدا یارییدەکات، هەرلەبەرئەوە پێویستە ئێمە کۆنترۆڵی یاریگە بکەین. ئەوان بەتووندی هێرشدەهێنن و ئێمە دەبێ رووبەڕووی ئەو هێرشانە ببینەوە. ئێمە لەسەر ئەم جۆرە بارودۆخانە راهاتووین لە ئەڵمانیا و ئیسپانیا و یانەم بینیووە کە هاندەرەکانیان رۆڵی گەورەیان لە یارییەکاندا هەبووە".
 
نیوکاسڵ کە لە یاریی یەکەمدا لەگەڵ میلانی ئیتاڵی یەکسانبووە، تۆماری شەوێکی مێژوویی دەبێت ئەگەر دەرکەوتنەوەی لە سانت جەیمس پارک لە چامپیۆنزلیگ، لەسەردەمێکی نوێی یانەکەدا، بەبردنەوە لە زەبەلاحێکی پڕ ئەستێرەی وەک پاریس سانجێرمان کۆتایی پێبهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە