گرێبەستێکی خەیاڵی بۆ مانەوەی ئێمباپێ

04-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەستەوارەیەکی گەورە و خەیاڵیی ئامادەکردووە و بۆ ئەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەکە رازی بکات لە یانەکە بمێنێتەوە.
 
گرێبەستی هێرشبەرە فەرەنسییەکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 2024 کۆتاییدێت، ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەی لەگەڵە، بەڵام یاریزانەکە بەفەرمی بە یانەکەی راگەیاندووە کە دەیەوێت بڕوات و کار بەو بەندەی گرێبەستەکەی ناکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، پاریس سانجێرمان کاردەکات بۆ ئەوەی یاریزانەکە رازی بکات، تاوەکو ساڵی 2027 گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بۆ ئەوەش دەستەوارەیەکی خەیاڵیی ئامادەکردووە و ئامادەیە 500 ملیۆن یۆرۆ لەو ماوەیەدا بداتە یاریزانە فەرەنسییەکە.
 
بەپێی بەرنامەی ئێلچێرینگیتۆی ئیسپانی، پاریس سانجێرمان دەیەوێت لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی 100 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشتی نوێکردنەوەی بداتە ئێمباپێ، مووچەی ساڵانەشی بکاتە 100 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئەمە لەکاتێکدایە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ماوەیەکی زۆرە دەیەوێت یاریزانەکە بباتە ریزەکانی و ناوی کیلیان بە یانەکەوە بەستراوەتەوە، بەڵام پاریس سانجێرمان نایەوێت دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت و هەموو هەوڵێکیشی بۆ مانەوەی یاریزانەکە بەکاردەهێنێت.
 
پێشتر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە وەڵامی پرسیاری هاندەرێکی پاریس سانجێرماندا لەبارەی مانەوەی کیلیان ئێمباپێ لە یانەکە گوتی "کارەکە بەدەست من نییە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی یاریزانەکە بمێنێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە