رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ پاشایەتیی خۆی دووپاتکردەوە، سەرکردایەتیی بردنەوەیەکی دیکەی نەسڕی کرد و ئەمجارە لە حەزمیان بردەوە.
لە خولەکی 33 کریستیانۆ تۆپێکی دایە عەبدولرەحمان غەریب، یاریزانە سعودییەکە گۆڵی بۆ نەسڕ تۆمارکرد.
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە عەبدوڵلا خەیبەری گۆڵی دووەمی یانەی میوانی تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بە ئارامی بۆ رۆناڵدۆ و تیپەکەی کۆتاییهات.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا محەممەد بادموسی گۆڵێکی ناوازەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
بەڵام زۆری نەبرد رۆناڵدۆ و برۆزۆڤیچ بە تیکی تاکا گەیشتنە نێو هێڵی سزا و ئۆتاڤیۆ گۆڵی سێیەمی نەسڕی بە ئاسیستی دۆن کرد.
لە خولەکی 68 نۆرەی رۆناڵدۆ هات، کریستیانۆ شەشەم گۆڵی لەم وەرزەی خولی سعودیدا تۆمارکرد، یاریگەی پڕ کرد لە ئاهەنگگێڕان.
نەسڕ بەوە نەوەستا سادیۆ مانێ بۆ جاری پێنجەم گۆڵی حەزمی هەژاند و سێیەم بردنەوەی لەسەریەکیان تۆمارکرد.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم وەرزەی خولی سعودیدا مێژووییەکی نوێی تۆمارکردووە، یاریزانەکە لە چوار گەڕی سەرەتای ئەم وەرزەدا 6 گۆڵی کردووە و گۆڵکاری خولەکەیە، جگە لەوەش 5 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کردووە و بەشداریی لە 11 گۆڵدا کردووە، رۆناڵدۆ بەو گۆڵەی بەرامبەر حەزم تۆماریکرد، ژمارەی گۆڵەکانی لە کاروانی یارییکردنیدا گەیاندە 850 گۆڵ.
دوای بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا نووسیوویەتی "ئاستێکی دیکەی نایابی تیپ، ئێمە بەردەوام باشتردەبین، با بۆ پێشەوە بچین نەسڕ، 850 گۆڵی پیشەگەری و ژماردن بەردەوامە."



