ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ کای هاڤێرتز دەکات

03-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کای هاڤێرتز ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری نوێی یانەی چێڵسی نایەوێت کای هاڤێرتزی هێرشبەری ئەڵمانی لە یانەکەی بمێنێتەوە. ریال مەدریدیش دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی بۆ شوێنگرتنەوەی مارکۆ ئاسینسیۆ.
 
دوای ئەوەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە کارگێڕیی یانەی چێڵسی رایانگەیاند کە پۆچێتینۆ کای هاڤێرتزی ناوێت، هیواکانی ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە زیاتر بوون.
 
رۆژنامەکانی مەدرید ئاشکرایانکرد کە ریال مەدرید بایەخ بە تواناکانی هاڤێرتز دەدات و دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکات، چونکە وەک ئەو رۆژنامانە باسی دەکەن، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید و کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەر زۆر سەرسامن بەو یاریزانە ئەڵمانییە و دەیانەوێت هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ هێنانی بۆ سانتیاگۆ برنابیۆ.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێز ئەوکات هاڤێرتزی خۆش ویستووە کە لە چامپیۆنزلیگدا لە دوو یارییدا بەرامبەر ریال مەدرید ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە. 
 
هەروەها دووپاتیشی دەکەنەوە کە هاڤێرتز بژاردەی یەکەمی فلۆرێنتینۆ پێرێزە، بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
سەرەڕای ئەوەی هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی باس لەوە دەکەن کە هاتنی هاڤێرتز بۆ ریال مەدرید ئەرکێکی ئاسان نابێت، بەو پێیەی یانە لەندەنییەکە لانیکەم داوای 80 ملیۆن یۆرۆ دەکات، کە بەو نرخە لە بایرلیڤەرکوزنی کڕیوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو زۆر ئاسانتر دەبێت لەوەی هاری کەین بکڕێت. هەروەها ئامادەیی پۆچێتینۆ بۆ دەستبەرداربوون لە هاڤێرتز ئەرکی ریال مەدرید ئاسانتر دەکات.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، باس لەوە دەکەن کە هاتنی کای هاڤێرتز هیچ پەیوەندییەکی بە رۆیشتن یان مانەوەی کەریم بنزیماوە نییە و دەڵێن "هێنانی هاڤێرتز بۆ جێگرتنەوەی مارکۆ ئاسێنسیۆ دەبێت، کە بڕیاریداوە لە کۆتایی وەرزدا لە ریال مەدرید بڕوات، چونکە یاریزانە ئەڵمانییەکە وەک ئاسێنسیۆ دەتوانێت لە باڵ یاریی بکات یان وەک هێرشبەری سەرەڕمی نادیار رۆڵ ببینێت".
 
ماوەی گرێبەستی کای هاڤێرتز لەگەڵ چێڵسی لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، بەڵام وادیارە ماورێسیۆ پۆچێتینۆ بە بەرپرسانی یانە لە ندەنییەکەی راگەیاندووە کە نایەوێت هاڤێرتز بمێنێتەوە و دەتوانن بیفرۆشن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە