رووداو-هەولێر
یانەی لێستەر سیتی پلەی دووەمی خولی ئینگلیزی پاراست، ئەویش دوای ئەوەی لەدواخولەکەکاندا شکستی بە یانەی ئێڤێرتۆن هێنا و مانچێستەر یونایتدیش لەسەر ئەنجامە خراپەکانی بەردەوامە.
لێستەر لە یاریگەی کینگ پاوەر میوانداری ئێڤەرتۆنی کرد و یارییەکەی زۆر بەزەحمەت و بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێبردەوە.
یانە شینەکە تاکە تیپی پرێمەرلیگە کە لەدوایین شەش یاریدا بردنەوەی تۆمارکردووە، هێرشبەرەکەشیان کە جەیمی ڤاردییە بۆ یاری شەشەم لەسەریەک گۆڵیکرد و پێشەنگی گۆڵکارانی پرێمەرلیگ بە ١٣ گۆڵ گرتووە، لە ساڵی ٢٠١٩ـشدا خاوەنی ٢٥ گۆڵە و کەس لەو زیاتری نەکردووە.
هەرچەندە لە نیوەی یەکەمدا ریچاڵسۆن دێ ئاندرادا گۆڵی یەکەمی بۆ ئێڤێرتۆن لە خولەکی ٢٣ کرد، بەڵام لە نیوەی دووەم جەیمی ڤاردی لە خولەکی ٦٣ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و کیلیچی ئیهیناچۆ لە خولەکی ٩٣ گۆڵی سەرکەوتنی لێستەری هێنا.
ئێستا یانەی لێستەر سیتی خاوەنی ٣٠ خاڵە، هەشت خاڵ لەدوای لیڤەرپوول و سێ خاڵیش لە پێش مان سیتیی سێیەمەوەیە.
لە یارییەکی دیکەشدا یانەی مانچێستەر یونایتد لەسەر ئەنجامە خراپەکانی بەردەوام بوو، پاش ئەوەی لەگەڵ یانەی ئاستۆن ڤێلا یەکسانبوو.
یارییەکە بە ئەنجامی ٢-٢ کۆتاییهات، هەرچەندە مان یونایتد لە یاریگەی خۆیشدای یاری دەکرد، بەڵام بۆ یاری سێیەم لەسەریەک لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان نەیبردەوە، لە دوایین ١٠ یاری پرێمەرلیگیشدا تەنیا سێ سەرکەوتنی هەیە.
جاک گریلیش لە خولەکی ١١ یانەی ئاستۆن ڤێلای پێشخست، بەڵام تۆم هیتۆنی گۆڵپارێزی ئاستۆن بەهەڵە لە خولەکی ٤٢ گۆڵی یەکەم و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بۆ مان یونایتد کرد، لە نیوەی دووەمیشدا ڤیکتۆر لێندلۆف گۆڵی دووەمی مان یونایتدی کرد، کەچی پاش یەک خولەک تایلۆر مینگز ئەنجامەکەی راستکردەوە.
یونایتد ئێستا خاوەنی ١٨ خاڵە و پلەی نۆیەمی گرتووە، ئاستۆن ڤێلاش ١٥ خاڵی هەیە و پلەی ١٥ـی بەدەستەوەیە.
لە لایەکی دیکەوە یانەی ئارسیناڵیش دۆخی لە مانچێستەر باشتر نەبوو، بە هەمان ئەنجام و ئاستی ئەوان لەگەڵ نۆرویچ سیتی یەکسان بوو.
گەنەرز شەش یارییە لەسەریەک نەیبردووەتەوە و ئەمجارەش تووشی یەکسانبوونی ژمارە حەوتی بوو، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی ٢-٢ لەگەڵ نۆرویچ سیتی بەرامبەربوون.
ئەمە یەکەم یاری لونبێرگی راهێنەری نوێ ئارسیناڵ بوو، دوای ئەوەی پێنچشەممەی رابردوو ئونای ئێمری لە پۆستی راهێنەرایەتی گەنەرز دوورخرایەوە.
تیمۆ پوکی و تود کانتوێل گۆڵەکانی نۆوریچیان کرد، هەردوو گۆڵەکەی ئارسیناڵیش لەلایەن پیێر ئێمیریک ئۆبامیانگەوە تۆمارکران کە گۆڵی یەکەمیان بە لێدانی سزا بوو.
تۆپ هاوێژەکان لە پلەی هەشتەم مانەوە بە ١٨ خاڵ، نۆرویچیش لە پلەی ١٩ـن و خاوەنی ١١ خاڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ