رووداو دیجیتاڵ
بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، 4 ملیار دینار وەک هاوکاریی دارایی دەدرێتە یانە بەشدارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام ئەو هاوکارییە هەر چوار یانە کوردستانییەکەی بەشدار لە خولەکەدا ناگرێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارییداوە یاریگەکانی سەر بە وەزارەتی وەرزش و لاوان بە کرێ بدرێن بەو یانانەی بەشداری لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا دەکەن، بۆ ئەوەی بەلای کەمەوە هەر یانەیەک یاریگەیەکی هەبێت بۆ ئەوەی یارییەکانی تێدا ئەنجامبدات، بەڵام پێویستە یانەکان رێنوێنییەکانی لالیگا، دەستەی بەڕێوەبردنی خولەکە و یانەکان جێبەجێبکەن.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، 4 ملیار دینار وەک هاوکاری دەدرێتە بەشێکی یانەکانی بەشدار لە خولەکەدا، ئەوانیش ئەم یانانەن؛ زەورا، قوە جەوییە، تەڵەبە، شورتە، حدوود، کەرخ، کارەبا، مینا، نەفت و نەفت وەسەت.
بەمەش هەر چوار یانە کوردستانییەکەی بەشدار لە خولەکەدا کە دهۆک، زاخۆ، هەولێر و نەورۆزن، لەگەڵ 6 یانەی دیکە لەو هاوکارییە بێبەش دەبن.
ئەو هاوکارییەی پێشکێشی یانەکان دەکرێت، بۆ رێکخستنەوەی یاریگەکان و ژێرخانی وەرزشییانە بەپێی ئەو رێنوێنیانەی لالیگا دەریکردوون بۆ سەرپەرشتیکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
سەرۆکی یانەی دهۆک لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی پێنجشەممە هەر چوار یانە کوردستانییەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەگەڵ نوێنەری حکومەت و بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە کوردستان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت لەبارەی پێنەدانی ئەو هاوکارییە بەو یانانە.
رووداو زانیوویەتی "عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، پێشتر پەیوەندیی بە یانەی دهۆکەوە کردووە و پێی راگەیاندووە، کێشەکە چارەسەرکراوە و هاوکارییەکە ئەوانیش دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، ناوی هیچ یەکێک لە یانە کوردستانییەکان لەو لیستەدا نییە کە بۆ هاوکاریکردنیان بڵاوکراوەتەوە."
رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەبەشداریی 20 یانە بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خولەکەدا سیستمی ڤار بەکاردەهێنرێت، دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگای ئیسپانیا سەرپەرشتی خولەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ