وریا غەفووری ماڵئاواییکرد

01-06-2023
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
نیشانەکردن وریا غەفووری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وریا غەفووری، یاریزانی کوردی یانەی ئیستقلالی تارانی ئێرانی کە ماوەی 5 ساڵ یاریزانی ئەم یانەیە بوو بۆ هەمیشە ماڵئاواییکرد.
 
رۆژی سێشەممە 30-5-2023 وریا غەفووری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام راگەیاند رۆژی چوارشەممە لە یاری دێربی ئیستقلال و پێرسپۆلیسدا کە دوو یانەی بەناوبانگی ئێرانن لە یاریی تۆپی پێدا ماڵئاوایی لە یاریگەکان دەکات.
 
گەرچی دوێنێ هێزە ئەمنییەکان رێگەیان بە وریا غەفووری نەداوە بچێتە نێو یاریگەی ئازادی تاران  بەڵام هاندەرانی هەردوو یانەکە بە دروشمی وریای بە غیرەت ناوی وریایان گوتەوە.
وریا غەفووری جگە لە بواری وەرزشی بەردەوام لە بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان چالاک بووە و مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو بەهۆی نارەزایەتی دەربڕینی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران دەستبەسەر کرا.
 
کەسێکی نزیک لە وریا غەفووری بە رووداوی راگەیاند لە دوای ئەو دەستبەسەرکردنەی وریا گوشارە ئەمنییەکان زیادی کردووە و بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ یانە وەزشییەکان رووبەرووی بەربەستێکی زۆر بووە، هەر ئەمەش هۆکارێک بووە بڕیاری وازهێنان لە یارییکردن بدات.
 
وریا غەفووری خەڵکی شاری سنەیە، تەمەنی 35ساڵە و خاونی دوو منداڵە. لە ساڵی 2007وە لەگەڵ یانەی پاسی هەمەدان یاری تۆپی پێی بە شێوەی پیشەگەرانە دەستپێکردووە. لە ماوەی تەمەنی یاریزانییدا 385 یاری ئەنجامداوە و لە 28 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئێران یاری کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە