دوای چاوەڕوانییەکی زۆر مژدە گەورەکە گەیشتە بارسێلۆنا

01-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یاریگای مونتجویک بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت پێش ئەوەی تیپەکە یارییەکانی لە خولی ئیسپانی و چامپیۆنزلیگ دەستپێبکاتەوە.
 
یانەی بارسێلۆنا ئێستا بەکۆکردنەوەی 42 خاڵ لە پلەی سێیەمی خولی ئیسپانیادایە و بە 7 خاڵ لە دوای ریال مەدریدەوەیە، کە بەکۆکردنەوەی 49 خاڵ لە پلەی یەکەمدایە.
 
یانەی کەتەلۆنی راستەوخۆ سەرکەوت بۆ قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ، بەبێ ئەوەی بە قۆناخی پلەی ئۆفدا تێپەڕێت.
 
مژدەیەک بۆ بارسا

 

شارەوانی بارسێلۆنا رەزامەندی نیشاندا لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی بەکرێدانی یاریگای مۆنتجویک تاوەکو 30ـی ئایار و رێگە بە یانە کەتەلۆنییەکە دەدات تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی یاریگای ئۆڵیمپی.
 
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە پشتڕاستکرایەوە کە تیمی هونەری رۆڵنگ ستۆن لە مانگی ئایاردا گەشتە ئەوروپییەکەی ئەنجام نادات، بەمەش کۆنسێرتەکەیان هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو لە یاریگاکەدا ئەنجام بدرێت.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، کارگێڕیی بارسێلۆنا بەپەلە داوای لە شارەوانی بارسێلۆنا کرد کە درێژکردنەوەی ماوەی بەکرێدانی یاریگاکە و داواکەش  پەسەندکرا، بەڵام ئێستا بەڵگەنامەکان ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی بەفەرمی درێژکردنەوەی ماوەی بەکرێدانەکە رابگەیێنرێت.
 
هەر لەو چوارچێوەیەدا بارسێلۆنا بەردەوامە لە کارکردن لەسەر پلانەکانی گەڕانەوە بۆ سپۆتیفای کامپ نو پێش کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، یانەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، یانەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە یارییەکانی کۆتایی وەرز لە سپۆتیفای کامپ نۆ ئەنجام بدرێن، بۆیە هەوڵەکان چڕتر دەکرێنەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
 
لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا، کۆمپانیای لیماک کۆنستراکشن گەرەنتی بە یانەکەی داوە کە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە لە کاتی خۆیاندا تەواو دەبن و رێگە بە گەڕانەوەیان بۆ کامپ نو دەدات پێش کۆتایی هاتنی وەرز.
 
هەروەها رێکەوتنێکی پێشوەختە لەنێوان یانەکە و شارەوانی بارسیلۆنادا کراوە، کە رێگە دەدات کارەکان 24 کاژێر لە رۆژێکدا و حەوت رۆژ لە هەفتەیەکدا ئەنجام بدرێن، بۆ خێراکردنی تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە