رووداو-هەولێر
یاریزانێکی بەنێوبانگی باسکەی جیهان کە خەڵکی تورکیایە رەخنەی تووندی لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری وڵاتەکەی گرت و لە دژی ئۆپەراسیۆنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان قسەیکرد.
ئەنەس کانتەر، یاریزان و ئەستێرەی یانەی بۆستن سێڵتیکسی ئەمریکی کە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی خولی باسکەی ئین بی ئەی، بۆ میدیاکانی ئەمریکا قسەیکرد و رەخنەی لە ئەردۆغان گرت، بە کەسێکی خراپیش ناوی هێناوە و پێی دەڵێ هیتلەری ئەم سەردەمە.
ئەنەس گوتی: ئەردۆغان رێز لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی ناگرێت، رێز لە دەربڕینی رای ئازاد ناگرێت، هیچ ئازادییەک لە تورکیا نییە.
ئەو یاریزانەی بۆستن سێلتیکس گوتیشی: ئەردۆغان کەسیکی خراپە و من بە هیتلەری ئەم سەدەیە ناوی دەبەم،
کانتەر باسی کوردی کردووە و دەڵێت: ئەوەی بەسەر کورددا دێت کارەساتێکی مرۆییە، من هاوڕێی زۆرم هەن کە کوردن و دەبێت تورکیا هەرچی زووە ئەو ئۆپەراسیۆنە رابگرێت.
ئەم یاریزانە تەمەن 27 ساڵانە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە پاسپۆرتەکەی رەتکراوەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، پێشتریش باوکی بۆ ماوەیەک زیندانی کراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی گوایە کوڕەکەی پشتگیری لە فەتحوڵڵا گولەن دەکات، تەنانەت تەلەڤیزیۆنە تورکییەکان بۆیان نییە هیچ یارییەکی ئێن بی ئەی پەخش بکەن کە ئەو یاریزانەی تێدابێت.
![]()




