رووداو دیجیتاڵ
پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا، بۆ یاریی بالە لەسەر ئاستی خانمان دەستپێدەکات و یانەیەکی کوردستان نوێنەرایەتیی عێراق دەکات.
یانەی سەنحاریبی شاری دهۆک، دوای بردنەوەی نازناوی باڵەی عێراق بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا دەکات کە ئەمڕۆ لە لوبنان دەستپێدەکات.
یانەی سەنحاریب، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر یانەی عەرەبی قەتەری یاریی دەکات و یارییەکە کاژێر 17:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.
یانە کوردستانییەکە، ماوەیەکی زۆرە خۆی بۆ رکابەرییەکانی ئەم پاڵەوانێتییە ئامادەدەکات و چاوی لەوەیە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکات.
هەکار برقی، راهێنەری نێوداری کوردستان و عێراق، سەرپەرشتی مەشقدانەوەی کچانی سەنحاریب دەکات، ئەو ئێستا خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزە و هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە تەواوکردووە.
پێش ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتییە، یانەی سەنحاریب گرێبەستی لەگەڵ سێ یاریزانی پیشەگەر، کە یەکێکیان ئێرانی، یەکێکیان جەزائیری و ئەوەی دیکەیان یۆنانییە واژۆکرد، بە ئامانجی ئەوەی ریزەکانی بەهێزتر بکات و رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات.
هەکار برقی، راهێنەری یانەی سەنحاریب بە رووداو سپۆرتسی گوت "جگە لە نازناوەکە بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەنەوە، ئەوان ساڵی رابردووش بەشدارییان کردووە، ئەمجارە ئامانجەکەیان جیاوازە و دەیانەوێت رکابەری لەسەر پاڵەوانێتییەکە بکەن."
چوار یانە لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارن، یانەی سەنحاریب نوێنەرایەتیی عێراق دەکات، یانەی عەرەبی قەتەری، یانەی شەبیبە بوشریەی لوبنانی و یانەی قەلەموونی لوبنانی.
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەشێوەی خول ئەنجامدەدرێن، سەنحاریب سێ یاریی ئەنجامدەدات و پاڵەوانێتییەکە تاوەکو 28ـی ئەم مانگە بەردەوامدەبێت.
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ رووماڵکردنی یارییەکانی سەنحاریب لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا وەکو یەکەم تیمی میدیایی لە کوردستان و عێراق چووەتە لوبنان و رۆژانە وردەکاری و زانیارییەکانی تایبەت بە یارییەکانی یانە کوردستانییەکە دەگوازێتەوە.




