رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لە کوێتە و بەدوای بلیتی گەیشتن بە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی کەنداودا دەگەڕێت.
لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی چامپیۆنزلیگی کەنداو، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی کازمەی کوێتی یاریی دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە، سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بەتەواوی یەکلابکاتەوە.
هەولێر لە سێ گەڕی رابردوودا، دوو یاریی ئەنجامداوە، بەوپێیەی لە گەڕی دووەمدا، یانەی ئیتیفاقی سعودی ئامادەنەبوو بۆ ئەنجامدانی یارییەکەی بێتە هەولێر، بۆیە یانە کوردستانییەکە لەو یارییەدا بەبراوە هەژمارکرا.
ئێستا هەولێر لە سێ گەڕدا خاوەنی دوو بردنەوە و دۆڕانێکە، شەش خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی سێیەمی چامپیۆنزلیگی کەنداوە.
لە یاریی رابردوودا یانەکە لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بردنەوەیەکی گەورەی بەرامبەر کازمە تۆمارکرد و بە 6-0 لەو یانەیەی بردەوە، ئەمجارەش چاوی لە دووبارەکردنەوەی بردنەوەکەیەتی بۆ ئەوەی دوو گەڕ پێشکۆتاییهاتنی قۆناخی کۆمەڵەکان، سەرکەوتنی بۆ قۆناخی دووەم یەکلابکاتەوە.
هەولێر لە کاتێکدا بەرامبەر کازمە یاریی دەکات، لە دوایین 6 یاریی خولی عێراقدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، بۆیە دەیەوێت بە سەرکەوتن لە یارییەکەی ئەمڕۆ ئێوارەدا کە کاژێر 17:00 بەڕێوەدەچێت، متمانە بۆ هاندەرانی بگەڕێنێتەوە.
پێش یارییەکە لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئامانجمان بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە یارییەکەدا بۆ ئەوەی بەردەوامبین لە رێگای خۆمان بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو و مسۆگەرکردنی بلیتی قۆناخی داهاتوو."
راهێنەری هەولێر دەڵێت "یارییەکە ئاسان نابێت، چونکە کازمە خاوەنی توانایەکی تەکنیکی باش و یاریزانی بەتوانایە، سەرەڕای ئەوەی تیپەکە بە دۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت."
لوئەی سەڵاح لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "وەکو هەر یارییەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئەم یارییە دەکەین، بە ورەیەکی بەرزەوە دەچینە نێو یاریگا، بەتایبەت دوای ئەو ئەنجامە ئەرێنییەی لە یاریی چووندا بەدەستمانهێنا، هەوڵدەدەین سوود لەو دۆخە دەروونییە وەربگرین کە تیپەکە تێیدا بۆ ئەوەی ئاستێک پێشکێش بکەین، شایستەی ناوی هەولێر بێت."
هەولێر بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ، راستەوخۆ سەرکەوتنی بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی کەنداو یەکلادەکاتەوە و دەبێتە خاوەنی 9 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەدا.




