رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئاڕنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق نیگەرانیی خۆی لە دەنگۆی دوورخستنەوەی لە ئەرکەکەی دووپاتکردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامبوون و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەربڕی.
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، گراهام ئارنۆڵدی ئوستراڵی، رۆژی 28ـی مانگی دووی 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق کۆتایی دێت، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە گرێبەستەکەی نوێ نەکرێتەوە و راهێنەرێکی نوێ بۆ سەرکردایەتی تیپەکە لەلایەن یەکێتییی تۆپی پێی عێراق شەقامی وەرزشی گەرمکردووە.
ئێستا ئەو راهێنەرە بۆ پشوودان گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی، بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس بەر لەوەی بچێتە فڕۆکەخانە لە بەغدا لە یەکێک لە رێستۆرانتەکان نانی ئێوارەی لەگەڵ یونس مەحموود، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق خواردووە، گراهام ئاڕنۆڵد بە یونس مەحموودی گوتووە "زۆر ئاسوودەم لە کارکردن لەگەڵتان و خواستی من مانەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەمە"، بەڵام سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق وەڵامی نەداوەتەوە.
لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، ئاڕنۆڵد دووپاتیکردەوە "لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رێککەوتووە بۆ ئەوەی پشوویەکی شەش هەفتەیی وەربگرێت و لەو ماوەیەدا بۆ پشوو و بیرکردنەوە لە داهاتووی خۆی گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی خۆی، چاوەڕێی بڕیاری یەکێتییەکە دەکات".
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەگەر یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بیەوێت بەردەوام بم، ئەوا بە سروشتی دەبێت گرێبەستێکی نوێ و رێککەوتنێکی نوێ پێشکەش بکەن، بەڵام ئەم رێککەوتنە دەبێت بۆ ماوەی چوار ساڵ بێت، چونکە جامی ئاسیا و پاڵاوتنەکانی مۆندیال هەیە".
مەحموود ئەحمەد، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "هێشتا بڕیاری فەرمی لەسەر دوورخستنەوەی گراهام ئاڕنۆڵد نەدراوە، لە داهاتووییەکی نزیک کۆدەبینەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەین".
ئارنۆڵد لە دانیشتنی کۆتاییدا لەگەڵ یونس مەحموود، باسی ئەوەی کردووە کە شێواز و رێگایەکی نوێ بۆ کارەکانی داهاتووی پەیڕەو دەکات، داوای ئەوەشی کردووە راهێنەرێکی ناوخۆیی لەگەڵی بێت کە بە زمانی عەرەبی قسە لەگەڵ یاریزانەکانی بکات.
راهێنەرە ئوستراڵییەکە رەخنەی لەو دەنگۆیانە گرت کە دوای بەشداریکردنی عێراق لە جامی کەنداو بڵاوبوونەتەوە و چیرۆکەکانی دوورخستنەوەی لە راهێنەرایەتی هەموو میدیاکانی تەنیووە.
سەرچاوەیەک لەنێو یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ رووداو سپۆرتسی روونکردەوە "بەدڵنیاییەوە بڕیاری دوورخستنەوەی گراهام ئاڕنۆڵد، بژاردەی سەرەکی کۆبوونەوەی یەکێتییەکەمانە و دەمانەوێت راهێنەرێکی دیکە بهێنین".
گراهام ئاڕنۆڵد، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق دەستپێکێکی جوانی هەبوو، دوای ئەوەی دەستبەکاربوو توانی بۆ دووەمجار لە مێژوودا تیپەکە بۆ مۆندیال سەربخات، بەڵام دواتر ئەنجامە خراپەکانی لە یارییەکانی مۆندیال و جامی کەنداو وایکرد دەنگێکی زۆری ناڕەزایەتی لەنێو عێراق بەرز بێتەوە.





