رووداو دیجیتاڵ
دەیڤد رایا، گۆڵپارێزی سەرەکی ئارسیناڵ ئامادەنییە و بەشداری لە یاریی لووتکەی گەڕی پێنجەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ناکات، کاتێک گانەرز میوانداریی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند دەکات.
رۆژی دووشەممە لە دوایین مەشقەکانی یانە لەندەنییەکەدا، ئەو گۆڵپارێزە ئیسپانییە راهێنانی نەکرد و لەگەڵ هەریەکە لە بوکایۆ ساکا و مارتن زوبیمێندی بۆ ئەم یارییە گرنگە ئامادەنین.
ئارسیناڵ لە چوار یاریی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، سێ یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکدا یەکسانبووە، تیپەکە ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی زیاتر لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو نزیک ببێتەوە.
لەندنییەکان لەم وەرزەدا لە هەموو یارییەکانی یاریگای خۆی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تەنیا دوو گۆڵی لێکراوە، کەواتە لە یاریگای خۆی تیپێکی رێکخرا و بەهێزە.
ئارسیناڵ لە 10 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و لە هەموو یارییەکاندا گۆڵی تۆمارکردووە.
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لە دۆخێکی باشدا چووەتە لەندەن و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکەی ئەورووپی تۆماربکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی ئارسیناڵ دەبێتەوە.
یانە ئەڵمانییەکە لەم وەرزەدا وەکو تیپێکی بەهێز دەردەکەوێت، لە چامپیۆنزلیگدا سێ یاریی لە چوار گەڕدا بردووەتەوە، لە بوندێسلیگادا هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، بۆیە تیپەکە بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە.
لە ریزەکانی فێستیڤاڵن، ئێمری جان، جیانیس کۆنستاتێلیاس و جەستن لێرمان بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکەی نیکۆ کۆڤاچ چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە.
دۆرتموند لە دوایین هەشت یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەڵام لە هەر چوار یارییەکەی چامپیۆنزلیگدا گۆڵی لێکراوە.
بۆرووسیا لە 16 یاریی ئەم وەرزەدا 32 گۆڵی تۆمارکردووە، بە تێکرای 2 گۆڵ بۆ هەر یارییەک.
دۆرتموند 8 یاریی بەرامبەر ئارسیناڵ ئەنجامداوە، سێ یاریی بردووەتەوە، تەنیا یەک یارییان لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بووە.




