رووداو دیجیتاڵ
کریگ بیلامی، راهێنەری هەڵبژاردەی وێڵز، هەڵوێستی خۆی لەبارەی وازهێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند. ئاماژەی بەوەداوە کە دژیەکی لە هەڵوێستی پۆرتوگالییەکاندا هەیە، کاتێک لە یارییکردن بەردەوام بوو، کاتێکیش وازیهێنا.
بیلامی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەر لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر پۆرتوگال، لە گەڕی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگ، رووی لە رۆژنامەوانە پۆرتوگالییەکان کرد و گوتی، "هەمووان رەخنەتان لە رۆناڵدۆ دەگرت لەبەرئەوەی لە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەکەتان بەردەوامبوو، بەڵام هەر ئەوەندەی وازیهێنا، دونیا ژێراوژوور بوو".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئێمە باسی یەکێک لە مەزنترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ دەکەین، هەموومان بیری دەکەین. رۆناڵدۆ لە یانەکان بەهەمان ئاستی خۆیەوە یارییدەکات، لەبەرئەوە خۆشبەختیی ئەوەمان هەیە، ناوە ناوە بیبینین".
ئەو هەروەها دەڵێ، "بەر لە کریستیانۆ، ئێوە لویس فیگۆ و رۆی کۆستاتان هەبوو، بەر لەوانیش ئۆزیبیۆ. تۆپی پێ لە کاروانەکەی بەردەوام دەبێت، بەڵام من پێموایە ئێوە دەبێ شانازی بە رۆناڵدۆوە بکەن، هەروەها پێزانینتان هەبێت بۆی، چونکە هەلی بینینی ئەوتان هەبوو. من وەکخۆم پێزانینم بۆی هەیە، ئێوە دەبێ پێزانینەکەتان لە هی من زیاتر بێت، چونکە ئەو خەڵکی وڵاتەکەی ئێوەیە. ئەو جێپەنجەیەکی بەتۆپی پێوە بەجێهێشت، هەتا هەتایە دەمێنێتەوە".
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەماوەی رابردوودا بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ خۆرخی جیسوسی راهێنەری هەڵبژاردەکەی، لە کەمپی مەشقی پۆرتوگال کشایەوە و چەند رۆژێک لەمەوپێش، وازهێنانی خۆی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند.
راهێنەری وێڵز دەڵێ، "بەر لە رۆناڵدۆ، پۆرتوگال بەهێز بوو، لەگەڵ ئەودا سەردەمێکی ناوازەی هەبوو، دوای وازهێنانی ئەویش بە هەڵبژاردەیەکی ناوازە دەمێنێتەوە. لەبەرئەوە ئێوە دەبێ پێزانینتان بەرامبەر ئەوە هەبێت کە بەهرەیەکی بێوێنەتان بینیوە، دەبێ شانازی پێوە بکەن کە هاووڵاتی، وڵاتەکەی ئێوەیە".
بیلامی زیاتر دەڵێ، "رووی دەمم لە گەلی پۆرتوگالە و پێیان دەڵێم، من پێزانینم هەیە بۆی، چونکە لەسەردەمێکدا ژیام کە یەکێک لە مەزنترین یاریزانە راستەقینەکانی تۆپی پێم بینی، کە کاریگەرییەکی زۆر مەزنی لە مێژووی یارییەکەدا دروستکرد. ئەو کاریگەرییە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، لە رێگای ئەو منداڵ و گەنجانەوە کە ئەو ئیلهامی پێبەخشین، بەهۆی بەردەوامبوون و سووربوونیەوە".
بیلامی گوتوویەتی جیا لە بینینی، ئەو پێزانینی بۆ ئەوەش هەیە کە وەک راهێنەر بەرامبەر ئەو یارییکردووە.
رۆناڵدۆ لە تەمەنی 41 ساڵیدا وازی لە یاریی نێودەوڵەتی هێنا، 23 ساڵ یاریی بۆ هەڵبژاردەکەی کرد، 234 یاریی بەدرێسی پۆرتوگالەوە ئەنجامدا و 146 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.




