رووداو دیجیتاڵ نەیمار دا سیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی سانتۆس هیوای هاندەرانی بۆ گەڕانەوەی بۆ ریزی هەڵبژاردەی بەرازیل گەرمکردەوە و ئاشکرایکرد هێشتا خەون بە پۆشینی درێسە زەردەکەی وڵاتەکەیەوە دەبینێت لە پاڵەوانێتییەکانی کوپا ئەمریکای 2028 و مۆندیالی 2030. نەیماری خاوەن درێسی ژمارە 10 لە یانەی سانتۆس، لە کاتی ئامادەبوونی لە یارییەکی کینگز لیگ لە شاری ساوپاولۆ شانبەشانی فیلیپ کۆتینیۆ و ئارسەر میلۆی هاوتیپەکانی، باسی لە داهاتووی وەرزشیی خۆی کرد. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەردەوامبوونی لە یارییکردن تاوەکو مۆندیالی 2030، نەیمار گوتی "تاوەکو مۆندیال بەردەوام دەبم لە تۆپی پێ، ئەمە شتێکی ئاشکرایە". لە درێژەی گفتوگۆکەدا کاتێک باسی گونجاوی و جوانیی درێسە زەردەکەی بەرازیل بە باڵای نەیمار کرا بەهۆی باشتربوونی ئاستی جەستەیی لەم وەرزەدا بەراورد بە سەردەمی یارییکردنی لە پاریس سانجێرمان، نەیمار دەرگای گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بە کراوەیی هێشتەوە و گوتی "خەونبینین هیچ تێچوویەکی نییە، منیش خەونی پێوە دەبینم. پاراستنی ئاستی بەرزی جەستەیی لەگەڵ یانەی سانتۆس دەبێتە پێوەری سەرەکی بۆ ئەوەی نەیمار بتوانێت پێش دەستپێکردنی کوپا ئەمریکای 2028 جارێکی دیکە سەرنجی دەستەی راهێنەرانی بەرازیل بەلایخۆیدا رابکێشێت و لەنێو یاریگادا خەونی گەیشتن بە مۆندیالی 2030 بەدیبهێنێت.