رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بڕیاریداوە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گەڕانەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری یانەکەی بکات، پاشئەوەی گەڕی یارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمجارە کۆتاییان دێت.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان دەڵێن، مۆرینیۆ دەیەوێت باشترین توانای ڤینی بەدەست بهێنێتەوە، بەبێئەوەی ئاستی خراپی ئەو، کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی تیپەکە دروست بکات.
مۆرینیۆ پێیوایە باشترین رێگا بۆ ئەو کارە، ئەوەیە کە ڤینی پلە بە پلە ببێتەوە بەیاریزانی سەرەکی تیپەکە و لە هەندێک یاریدا، هەلی ئەوەی پێ بدرێت کە بەشداری بکات و ئەنجامی تیپەکە بگۆڕێت، بۆئەوەی بەتەواوی بچێتەوە نێو کەشی یارییکردن و درەوشانەوەی پێشوو.
'دیفێنستا سێنتراڵ' دەڵێ، مۆرینیۆ پێیوایە دەرکەوتنی ڤینی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل، لە بەرژەوەندی ئەو یاریزانەیە، هیوادارە ئەو کەشە پۆزەتیڤەی یاریزانەکە لەوێ بەدەستیهێناوە، هاوکاری بێت بۆ ئەوەی لە ریال مەدریدیش، متمانەبەخۆبوون بەدەست بهێنێتەوە.
ڤینیسیۆس لە دوایین بەشداریدا لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل، لە یاریی دۆستانە بەرامبەر ژاپۆن، وێڕای شکستی هەڵبژاردەکەی بە 2 - 3 گۆڵ، بەڵام هەردوو گۆڵەکەی بەرازیلی تۆمارکرد.
ئەو بیرۆکەیە مۆرینیۆ کاری لەسەردەکات، بریتییە لەوەی کە لاباڵە هێرشبەرەکەی بەرازیل، سەرەتا بۆ ماوەی 30 تاوەکو 35 خولەک لە گێمی دووەمی یارییەکاندا بەشداری بکات، لەبری ئەوەی لەسەرەتاوە بەشداری بکات.
مۆرینیۆ دەیەوێت ڤینی لە کۆتاییەکانی یارییەکاندا دەربکەوێت و هەلی ماندووبوونی بەرگریکارانی تیپی بەرامبەر بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی گۆڵ بکات و متمانە بەدەست بهێنێتەوە.
ماڵپەرەکە دەڵێ، مۆرینیۆ پێیوایە ئەو خولەکانەی یارییکردن، هەستی ئەوە لە ڤینیدا زیندوو دەکاتەوە، کە وەک جاران متمانەی بەخۆی هەبێت و گۆڵ تۆماربکات، ئەوەش باشترین رێگایە بۆ گەڕانەوە سەر ئاستە راستەقینەکەی پێشووی.
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، ڤینی بەو بیرۆکەیەی مۆرینیۆ، هەلێکی زێڕینی لەبەردەستدا دەبێت، بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانە، چونکە چوونە ناوەوەی ئەو، پاش یارییکردنی بەرگریکاران بۆ ماوەی یەک کاژێر، وا دەکات ڤینی توانایەکی باشی بەرامبەریان هەبێت و ماندووبوونەکەیان بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی گۆڵ تۆماربکات و بەسەریاندا زاڵ ببێت و بەئاسانی بتوانێت تێیان بپەڕێنێت.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال لە لالیگا، بەکارتی سوور دەرکرا و دواتر بە راگرتن بۆ ماوەی چوار یاریی لەلایەن دەستەی لالیگاوە سزادرا، هەر بۆیە لە چوار یاریی رابردووی تیپەکەی لە لالیگا بەشداریی نەکرد.
ڤینی سزاکەی تەواو بووە و دەتوانێت لە یاریی داهاتووی ریال مەدرید، بەرامبەر سێلتاڤیگۆ یاریی بکات، بەڵام وەک ئەو سەرچاوەیە دووپاتیدەکاتەوە، بەشداریکردنەکەی سەرەکی نابێت.




