رووداو دیجیتاڵ
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی پلە دووی تۆپی پێی عێراق، یانە کوردستانییەکان بە ئەنجامی جیاواز دەستیانپێکرد؛ هەردوو یانەی سلێمانی و ئاکرێ سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکرد، لە کاتێکدا یانەی شێروانە بە خاڵێک لە دەرەوەی یاریگای خۆی گەڕایەوە.
لە یاریی یەکەمدا، یانەی ئاکرێ لەنێو یاریگا و لەبەردەم هاندەرانیدا پێشوازی لە یانەی حەویجە کرد و توانی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە. گۆڵەکانی ئاکرێ لە رێگەی حوسێن فەیسەڵ لە گێمی یەکەم و هێمن نازم لە گێمی دووەمدا تۆمارکران، تاوەکو یانەکە یەکەم سێ خاڵی وەرزەکە بەدەستبهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی وەرزشیی سلێمانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی ئاستێکی باڵای پێشکێش کرد و لە شاری موسڵ رووبەڕووی یانەی ئوم رەبیعەین بووەوە. یاریزانانی سلێمانی توانییان بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر شکستی گەورە بە خاوەن یاریگا بهێنن و دەستپێکێکی بەهێز لە خولەکەدا تۆماربکەن.
لە سێیەم رووبەڕووبوونەوەشدا، یانەی شێروانە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی یانەی دووز، بەڵام هەوڵی هەردوولا بۆ گەیشتن بە گۆڵ بێئاکام مایەوە و یارییەکە بە یەکسانبوونی بێ گۆڵ بە ئەنجامی 0-0 کۆتاییهات، بەمەش شێروانە بە خاڵێکەوە لە یاریگای دووز هاتە دەرەوە.




