رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی بە خاڵی تەواوەوە بگاتە قۆناخی هەشتی نەیشنسلیگ.
لە یاریی لووتکە و دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکان، لە کۆمەڵەی سێیەمدا، کاژێر 22:45 ئیسپانیا لە مەدرید میوانداریی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکات و دەیەوێت بردنەوەی شەشەم لەسەریەک تۆماربکات.
پاڵەوانی مۆندیال، بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت، تیپەکە 44 یارییە هیچ دۆڕاندنێکی نییە، لە نەیشنسلیگدا هەر 5 یارییەکەی بردووەتەوە و بە 15 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە.
هەموو یاریزانەکانی ئیسپانیا بۆ ئەم یارییە ئامادەن، لامین یامال گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکانی هەڵبژاردەکە و بۆ یارییکردن ئامادەیە، بەڵام پێناچێت بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا چاوی لەوەیە قەرەبووی دۆڕاندنی لە نێو یاریگاکەی بکاتەوە و سەرکەوتنەکانی ئیسپانیا رابگرێت، لەکاتێکدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە یاریی دەکات.
پێکهاتەی تۆماس توخێل، بۆ یارییە بەهێزەکەی دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگ ئامادەیە، لە مەدرید رکابەری پاڵەوانی جیهان دەکات و دەیەوێت سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسپانیا رابگرێت و هەڵبژاردەکە تووشی یەکەم دۆڕان بکات.
ئینگلتەرا لە 5 گەڕی رابردوودا چوار سەرکەوتنی هەیە و تەنیا بەرامبەر ئیسپانیا دۆڕاوە، لەو یارییەدا کە لە گەڕی یەکەمدا لە لەندەن سێ گۆڵی لێکرا و سێ خاڵەکەی لەدەستدا.
هەموو یاریزانەکانی سێ شێرەکان ئامادەن، جود بێلینگهام و هاری کەین دەیانەوێت هاوکاریی تیپەکەیان بکەن بۆ ئەوەی سێ خاڵی ئەم یارییە ببەنەوە.
ئینگلتەرا 29 یاریی بەرامبەر ئیسپانیا ئەنجامداوە، 15 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 12 جار دۆڕاوە و 3 یاریی نێوان هەردوو تیپ بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.




