رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ ئامادەیە و فەرەنسا دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی تورکیا یاریی دەکات.
فەرەنسا لە یاریی رابردوودا بۆ یەکەمجار لەژێر سەرپەرشتی زینەدین زیدان دۆڕا و بە ئەنجامێکی گەورە بە ئیتاڵیا دۆڕا، لەو یارییەدا بەهۆی هەستکردن بە ئازارەوە کیلیان ئێمباپێ بەشداریی نەکرد.
یاریزانەکە دوای ئەو یارییە گەڕایەوە نێو مەشقەکانی هەڵبژاردەکە، شەوی شەممە بەشداریی لە دوایین راهێنانەکاندا کرد و بەتەواوی بۆ ئەم یارییە ئامادەیە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
فەرەنسا دوای دۆڕانی بەرامبەر ئیتاڵیا، پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەی یەکەمی لە بەرژەوەندی ئیتاڵیا لەدەستدا و ئێستا بە جیاوازیی گۆڵ چووەتە پلەی دووەم، بۆیە دەیەوێت لە رکابەریکردن لەسەر پلەی یەکەم و گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بەردەوامبێت.
تورکیا لە دۆخێکی خراپدایە، ئەنجامەکانی دڵخۆشکەر نین، تیپەکە هەموو یارییەکانی لە نەیشنسلیگدا دۆڕاندووە و هیچ خاڵێکی نییە، تیپەکە هیچ هەلێکی بۆ سەرکەوتن نەماوە، لە پێنج یاریی رابردوودا 13 گۆڵی لێکراوە و تەنیا 3 گۆڵی تۆمارکردووە.
لە یاریی چووندا فەرەنسا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە تورکیای بردووەتەوە، بەشێوەیەکی گشتی 7 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، فەرەنسا 5 جار لە تورکیای بردووەتەوە و تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە.
لە یارییەکەی ئەمشەودا، جارێکی دیکە کیلیان ئێمباپێ و ئاردا گولەری هاوڕێی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.




