رووداو دیجیتاڵ
تەمەنی 46 ساڵە و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ یارییکردن، چاوی هەموو دونیای بردووەتەوە سەر تیپێکی خولی پلە سێی ئیتاڵیا.
رۆناڵدینیۆ گاوچۆ دی ئاسیس، ئەستێرە و ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل دەگەڕێتەوە نێو یارییە فەرمییەکان و لە خولی پلە سێی ئیتاڵیا یاریی بۆ یانەی راڤێنا دەکات.
رۆناڵدینیۆ، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە وازهێنانی یەکجاری لە یارییکردن، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.
رۆژی شەممە جادووگەر، بەشداریی لە مەشقەکانی یانەی راڤێنای ئیتاڵیی کرد، کە لە خولی پلە سێی ئیتاڵیا یاریی دەکات، ئەم ئێوارەیە لە یاریگای خۆی کاژێر 19:30 بەرامبەر یانەی فرۆلی یاریی دەکات و رۆناڵدینیۆ بۆ یارییەکە ئامادەیە.
بەهۆی پەیوەندیکردنی رۆناڵدینیۆ بەو یانەیەوە، دەیان رۆژنامەڤان چوونەتە بەردەم بارەگای ئەو یانەیە و چاوەڕێی دەرکەوتنی یاریزانە بەرازیلییەکە دەکەن.
هاندەرێکی یانەی راڤێنا دەڵێت "هەرگیز پێشتر یاریی رۆناڵدینیۆم لە میلان نەبینیووە، ئەمە یەکەمجارە ئەو دەبینم و لە شەش ساڵییەوە هاندەری راڤێنام، بەڕاستی بە جۆشم بۆ ئەوەی چێژ لەم ساتە گەورەیە وەربگرم."
گەڕانەوەی رۆناڵدینیۆ، بۆ نێو یاریگاکان کاردانەوەی زۆر گەورەی دروستکردووە، وێنە و ڤیدیۆکانی لە مەشقەکانی ئەو یانەیەدا لە هەموو جیهان بڵاوبوونەتەوە و چاوەڕواندەکرێت یارییکردنی بەدرێسی یانەکەوە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر نێوبانگی یانەی راڤێنا دروستبکات.




