رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا دەکات، کە ئەمشەو لە چوارچێوەی دواگەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگ ئەنجام دەدرێت. کەڵەشێرەکان هەوڵ دەدەن بە دووبارە بردنەوە لە تورکیا، قەرەبووی شکستیان بەرامبەر ئیتاڵیا بکەنەوە؛ ئەو یارییەی پێنجشەممەی رابردوو بەئەنجامی 3-1 کۆتاییهات.
راهێنانی کۆتایی هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئێوارەی شەممە لە شاری بۆردۆ، هەندێک نیشانەی دەربارەی بژاردەکانی زینەدین زیدان ئاشکرا کرد، بەتایبەتی لە هێڵی بەرگریدا. لەهەمانکاتدا چاوەڕوانی گەڕانەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ پێکهاتەی سەرەکی دەکرێت، دوای ئەوەی بەهۆی هەستکردن بە ئازارێک لە رانی، لە یارییەکەی بەرامبەر ئیتاڵیا بەشداری نەکرد.
زیدان لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی پێش یاریی تورکیا، هەواڵەکانی بوونی گرژی لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی رەتکردەوە.
زیدان پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندییەکەیان بەشێوەیەکی نایاب بەڕێوەدەچێت و هەروەها باسی دۆخی بەشداریی یاریزانەکەی کرد لە یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر تورکیا، کە لە چوارچێوەی دواگەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگ و لە شاری بۆردۆی فەرەنسا ئەنجام دەدرێت.
زیدان لە وەڵامی ئەو هەواڵانەی کە باسی گرژی لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئێمباپێ دەکەن، گوتی "تێناگەم بۆچی ئەم بابەتە دەگوترێت، بەڵام شتێکی گەورە نییە. پەیوەندیی من لەگەڵ ئەو پەیوەندیی راهێنەرێکە بە یاریزانەکەی و هەموو شتێک بەشێوەیەکی نایاب بەڕێوەدەچێت".
پێشبینی دەکرێت ئەمشەو بەرامبەر تورکیا، زیدان لە هێڵی هێرشبەریدا پشت بە سێکوچکەی مایکل ئۆلیسێ، کیلیان ئێمباپێ و برادلی بارکۆلا ببەستێت.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی فەرەنسا:
گۆڵپارێز.. مایک ماینان
هێڵی بەرگری.. ئاندی دیۆف - جێرێمی جاکێ - ئیبراهیما کۆناتێ - ئەدرین تروفێر
هێڵی ناوەڕاست.. وارن زائیر ئێمێری - لوکاس دا کونییا - ئێدواردۆ کاماڤینگا یان رەیان شەرقی
هێڵی هێرشبەری.. مایکل ئۆلیسێ - کیلیان ئێمباپێ - برادلی بارکۆلا
هەڵبژاردەی فەرەنسا گەشتی خۆی لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپا بەئەنجامێکی ئەرێنی دەست پێکرد، بەڵام لە دواگەڕدا تووشی شکستی 3-1 بەرامبەر ئیتاڵیا بوو، دوای ئەوەی مایکل ئۆلیسێ گۆڵی یەکەمی یارییەکەی بۆ فەرەنسا تۆمارکرد، ریمۆنتادای بەسەردا کرا.
هەڵبژاردەکانی فەرەنسا و ئیتاڵیا بە 10 خاڵەوە لەپێشەوەی کۆمەڵيی یەکەمن، لەکاتێکدا بەلجیکا بە 9 خاڵ لە پلەی سێیەمە و تورکیا بەبێ خاڵ لە دوا پلەدایە.
ئەم دۆخە وایکردووە دواگەڕی کۆمەڵەکە گرنگییەکی زۆری هەبێت بۆ دیاریکردنی تیپەکانی گەیشتوو بە قۆناخی چارەکی کۆتایی.
یاریی یەکەمی نێوان فەرەنسا و تورکیا، کە لە خاکی تورکیا ئەنجام درا، بەبردنەوەی فەرەنسا بە ئەنجامی 1-0 کۆتاییهات.
زینەدین زیدان هیوادارە بتوانێت ئەو سەرکەوتنە لە یاریگای ئەتڵانتیک لە بۆردۆ دووبارە بکاتەوە، بۆ ئەوەی قۆناخی کۆمەڵەکان بەئەنجامێکی ئەرێنی کۆتایی پێبهێنێت و کاریگەریی شکستی بەرامبەر ئیتاڵیا لەسەر تیپەکە کەم بکاتەوە.




