رووداو دیجیتاڵ
عەدنان حەمەدی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ وەرگرتنی مەشقدانی یانەی گەرمە (ئەو یانەیەی محەممەد حەلبوسی، سیاستەڤانی سونەی عێراقی و سەرۆکی شانازییەتی)، پاش ساڵانێکی بەرچاو گەڕایەوە عێراق. حەمەد پێشتر لەلایەن نوری مالیکیی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقەوە، بۆ هەتاهەتایە سڕکرابوو.
یانەی گەرمە بەفەرمی دەستنیشانکردنی عەدنان حەمەدی راهێنەری دێرینی عێراقی، بۆ مەشقدانی تیپەکەی کە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، راگەیاند. حەمەد بۆ شوێنگرتنەوەی موئمین سلێمانی میسری، مەشقدانی یانەی گەرمەی وەرگرت.
حەمەد کە بڕیارە رۆژی 21ی ئەم مانگە یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ یانەی گەرمە، بەرامبەر نەورۆز لەنێو سلێمانی لە گەڕی 14ی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجام بدات، پێشتر ساڵی 2004 بەباشترین راهێنەری ئاسیا دەستنیشانکرابوو، بەڵام ئەو راهێنەرە بەهۆی سەرنەکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2010ی ئەفریقای باشوور، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراقەوە، (نوری مالیکی) بۆ هەتا هەتایە سڕکرابوو.
حەمەد پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەکانی عێراق، ئوردن و بەحرەین بووە، لەگەڵ یانەکانی عروبەی سعودی، فەیسەڵی و وەحداتی ئوردنی، هەروەها زەورای عێراقی کاریکردووە.
حەمەد کە لە دوای دەستبەکاربوونی لە یانەی گەرمە، سۆزی زۆری بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی پێشاندا، گوتی ئاسان نییە دوای 18 ساڵ بگەڕێمەوە باوەشی نیشتمان.
چیرۆکی حەمەد و راهێنەرایەتی لە عێراق، چیرۆکێکی درێژە، ساڵی 2000 ئەو راهێنەرە، لە نێو جەرگەی تاران و لە یاریگای ئازادی، لە یاریی کۆتایی جامی لاوانی ئاسیا، لە هەڵبژاردەی لاوانی ئێرانی بردەوە و نازناوەکەی بەدەستهێنا.
ئەو دەستکەوتە بووە هۆی درەوشانەوەی خۆری حەمەد، کە دواتر مەشقدانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراقی وەرگرت و لە ئۆڵۆمپیادی 2004ی ئەسینا، پلەی چوارەمی بەدەستهێنا. هەمان ساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەکە، نازناوی جامی رۆژئاوای ئاسیای بەدەستهێنا و لە کۆتایی ساڵەکەدا، بەباشترین راهێنەری کیشوەری ئاسیا دەستنیشانکرا. بەڵام دواتر لەگەڵ خێزانەکەی، عێراقی بەرەو ئوردن بەجێهێشت و هۆکارەکەی بۆ "ناسەقامگیری دۆخی ئاسایشی عێراق"، گەڕاندەوە.
ساڵی 2008، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، مەشقدانی هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکەی بە حەمەد راسپارد، پاشئەوەی ئێگیل ئۆڵسنی نەرویجی لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە، لە دوای ئەنجامدانی تەنیا شەش یاری.
حەمەد لەگەڵ هەڵبژاردەکە، کاروانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2010ی ئەفریقای باشووری دەستپێکرد، لە یاریی یەکەمدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئوسترالیای بردەوە، بەرلەوەی دواتر لە هەڵبژاردەی چین بباتەوە، بە 2 - 1 گۆڵ.
هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ حەمەد نزیکبووەوە لەوەی بگاتە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی ئەفریقای باشوور، لە یارییەکی چارەنووسسازدا، بەرامبەر قەتەر لە یاریگای ئەل زاید لە ئیمارات بەیەکگەیشتن، هەڵبژاردەی عێراق بە تەنیا خاڵێک، دەگەیشتە قۆناخی کۆتایی، بەڵام سەید علی بەشیر، یاریزانی قەتەری لە خولەکی 76ـی یارییەکەدا، عێراقییەکانی شۆک کرد و بەوەش عێراق نەیتوانی بگاتە قۆناخی کۆتایی مۆندیال.
یارییەکە مشتوومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، میدیای عێراق وایدانا کە ئەنجامی یارییەکە، پڕۆسەیەکی فرۆشتن بووە و راهێنەر و یاریزانانی عێراق، ئەنجامی یارییەکەیان بە قەتەرییەکان فرۆشتووە، حکومەتی ئەوکاتی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ تێگەیشتن لە راستیی تۆمەتبارکردنەکە پێکهێنا، دوای ئەوە، عەدنان حەمەد لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە دووخرایەوە و لە مانگی پێنجی ساڵی 2008، حکومەتی ئەوکاتەی عێراق، فراکسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە.
لە پەرچەکرداری بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی سڕکرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، فیفا بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.
لە نێو ئەو سزایانەدا کە حکومەتی عێراق، بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بەسەر فیدراسیۆنەکەدا سەپاندی، سڕکردنی تاهەتایی عەدنان حەمەد بوو لە کاری راهێنەرایەتی، بەتایبەت کە ئەو راهێنەرە، شکستی یارییەکەی قەتەری بەهۆکاری سیاسی و بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەستەوە.
لە دوای ئەو بڕیارەوە، حەمەد تاوەکو ساڵی 2024 لە دەرەوەی عێراق مایەوە، بەڵام لەو ساڵەدا، عەدنان درجال، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لابردنی سزاکەی سەر ئەو راهێنەرەی، بە رەزامەندی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لابرد.
حەمەد لە یەکەم دەرکەوتنیدا وەک راهێنەری یانەی گەرمە، رایگەیاندووە دەیەوێت یانەکە لە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق بمێنێتەوە.



